چیرۆکە خەمناکەکانی ٢٠٢٠: نیویۆرک پاڵەوانێکی لەدەستدا
  2020-04-28       575       
ئا: لوقمان غەفوور

خاتوو لۆرنا برین بەدەم سەیرکردنی بەرنامەکانی ئێن بی سی نیوزەوە، سێوێک پارچە پارچە دەکات و بەر لەخواردنی سێوەکە، مۆبایلەکەی ھەڵەگرێت، پەیوەندی ئەکات بە دکتۆر لۆرانس مێلنیکەر، جێگری سەرۆکی چاودێری ئاستبەرزی نەخۆشخانەی نیویۆرک- پریسبیتیریان ئالین.

بەدەم تەواوکردنی سێوەکەوە دکتۆر برین بە دکتۆرە ھاوڕێکەی دەڵێت:"سبەی ڕۆژی ٢٣ی ئەپرل ئەگەڕێمەوە بۆ نەخۆشخانە و دەست دەکەمەوە بەکارکردن".

دواتر بیری ھاوڕێ نزیکەکەی خاتوو دارە کاس، پزیشکی بەشی فریاکەوتن دەکات و نامەیەکی دەنگی لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە بۆ جێدەھێڵێت. کاس بە زە نیو یۆرک تایمز-ی وتووە: "ڕۆژی ٢٣ ی مانگ نامەیەکی جێھێشتبوو، وێرای ئەوەی وتبووی بارودۆخی نەخۆشەکان چۆنە، ھەواڵی ئەوەی داینێ دەگەڕێتەوە بۆ کارکردن".

کاس دەشڵێت: "تەنانەت (برین) داوای دڵنیایی لێکردم کە ئایا تا چەند ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی بۆ کارمەندان ھەیە و کەم نییە".

د. لۆرنا برین - ٤٩ ساڵ، دکتۆرێکی بەتوانا و بەڕێوەبەری پزیشکی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی نیویۆرک- پریسبیتیریان ئالین-ە. دوای ١٠ ڕۆژ پشوو لەماڵەوە، بەھۆی تووشبوونی به کۆرۆنا ڤایرۆس، دەیەوێت بگەرێتەوە سەر کارەکەی. بەڵام کاتێک دەچێتەوە بۆ کارکردن. سەرلەنوێ پشکنینی بۆ دەکەنەوە، دەرەکەوێت ھێشتا چاکنەبۆتەوە، بۆیە ھاوڕێکانی دەوای لێدەکەن بچێت پشوو بدات.

بەڵام بەپێی تەلەفزیۆنی ئێن بی سی نیوز، (برین) دوای یەک مانگی ڕێک لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگین دژی کۆرۆنا ڤایرۆس، نایەوێت بەردەوام بێت لە پشوو.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە مانشێتێکی گەورە نوسیویەتی:"نەخۆشخانەی نیو یۆرک-ئالین پاڵەوانێکی لەدەستدا".

ڕۆژنامەکە دەڵێت:"دکتۆرێکی ھەڵکەوتووی نیویۆرک لە بەشی فریاگوزاری دوای چارەسەرکردنی ٧٣ نەخۆشی کۆرۆنا ڤایرۆس بەدەستی خۆی، کەچی ئێوارەی ٢٦ ی ئەپرل لە شاری شارلۆتسفێل-ی ڤیرجینیا، خۆی کوشت".

ھەواڵ ئەدەنە پۆلیس. تایلەر ھاون بەڕێوەبەی پۆلیسی شارلۆتسفێڵ لەڕێگەی بێتەلەوە داوای تیمی پزیشکی دەکات ھەرچەندە دڵنیاشە کە دکتۆر برین کۆتایی بەژیانی ھاتووە. بەڵام دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی زانکۆ (بۆ تیشکی ژوور وەنەوشەیی) سیستمی تەندروستی لە ڤیرجینیا، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

باوکی برین، کە ئەویش یەکێکە لە پزیشکە بەتواناکانی نیویۆرک و ئێستا لە ھێڵی پێشەوەی جەنگدایە دژی کۆرۆنا ڤایرۆس، بەدەم ھەناسە ھەڵکێشانەوە وتی: "ئەیویست بگەڕێتەوە بۆ کارکردن دژی کرۆنا ڤایرۆس". د. فلیب سی برین کە ٧٤ ساڵی بەڕێکردووە لە ژیانی، دەربارەی کچە پزیشکە بەتواناکەی دەڵێت:"سوپاس بۆ خوا پێش ئەوەی جێمان بێڵێت، کچەکەم چەندین نەخۆشی شادکردەوە بە خێزانەکانیان دوای چاکبوونەوەیان".

ئەو بۆ دەیلی نیوز ڕونیکردۆتەوە کە ماوەی ١٠ ڕۆژ بوو لەگەڵ خێزانەکەیان لە خانوەکەی ڤیرجینیا ئەژیا. وتیشی:"ھەمیشە ئامۆژگاری کارمەندانی پزیشکی ئەکرد بەبێ ئامێر و پێداویستی پزیشکی نزیک نەکەونەوە لە نەخۆش، بەڵام خۆی ١٠ رۆژ بەھۆی کۆرۆنا ڤارۆسەوە دوورکەوتەوە لەکارکردن".

خاتوو ئەنجیلا مێلز، سەرۆکی بەشی خزمەتگوزارییە پزیشکییە کتوپڕەکان لە نەخۆشخانەی نیویۆرک- پریسبیتیریان ئالین- شەوی ٢٦ ی ئەپرل نامەیەکی ئەلەکترۆنی ئەنێرێت بۆ تەواوی کارمەندانی نەخۆشخانەکە دەربارەی مردنی برین.

ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمز ئەڵێت: "نامەکەی مێلز ڕوونی نەکردۆتەوە بۆچی برین خۆی کوشتووە!" لە کۆتایی نامەکەدا نوسراوە:"مردنێک پرسیاری زۆرمان ڕووبەڕوو ئەکاتەوە، کە ناتوانین وەڵامی بەینەوە".

برین وێرای کاری سەرەکی پزیشکی، چەندین ئاوات و خولیایی ھەبوو، بەشێکی کاتەکانی بەر لە ھاتنی کۆرۆنا ڤایرۆس بە وەرزش و وێنەکێشانەوە سەرفدەکرد، ئەندامێکی چالاکی یانەی خزینی سەربەفری نیویۆرک بوو. بەشێوەیەکی ڕێکوپێک سەردانی بەشی خۆرئاوای خزانی سەربەفری ئەکرد.

مێلز-ی ھاوڕێی دەڵێت:"دیندار و باوەڕدار بوو، ھەفتانە بۆ چوار سەعات وەک خۆبەخش لەخانەیەکی پیرانی فێرجینیا کاریدەکرد. ساڵانەش ئاھەنگێکی ڕێکئەخست لە خانوەکەی لە مانھاتن بۆ ھاوڕێ و دۆستەکانی. ھەروەھا دکتۆر (برین) نزیک بوو لە دایک و خوشکەکانی کە لە ڤیرجینیا ئەژیان.

دکتۆر لۆرانس مێلنیکەر، جێگری سەرۆکی چاودێری ئاستبەرزی نەخۆشخانەی نیویۆرک -پریسبیتیریان ئالین، لە ڕێگەی ئێن بی سی نیوز -ەوە وەسفی برین-ی کرد کە دکتۆرێکی خۆشەویست و بەتوانا بوو، نەخۆشخانەکەمان توانای گلدانەوەی ٢٠٠ نەخۆشی ھەیە، بەڵام بەتوانای ئەو کرابوو بە ٣٠٠. پارەی دابینکردنی ئەو ١٠٠ قەڵەوێرە و ئامێرەکانی لەڕێگە پارەی خۆیی و خزم و ھاوڕێ و خەڵکی خێرخوازەوە دابینکرد.

مێلینکەر دەشڵێت: "کەم کەس ئەو توانایەی ھەیە بتوانێت بگاتە پلەی سەرۆکی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە". ئەو لەژێر چاویلکەکەیەوە فرمێسک ھاتەخوارەوە و وتی:"تائێستا جێگەکەیمان بۆ پڕ ناکرێتەوە.. زەحمەتە".

مێلینکەر نایشارێتەوە کۆرۆنا ڤایرۆسی کاریگەری زۆر گەورەی کردۆتە سەر دەروونی پزیشک و کارمەندانی پزیشکی، ڕۆژانە بە چەندین کەس لەبەرچاویان ئەمرن، وێرای ترسیان لە تووشبوون لەژێر فشاری خەمی گەورەدان کە تووشبوانی کۆرۆنا ڤایرۆس نەمرن.

لۆرنا برین لەیەککاتدا دوو بڕوانامەی دکتۆرای ھەبوو یەکێکیان پزیشکی فریاکەوتن، ئەوی تریان پزیشکی ھەناوی. ھەروەھا ھەڵگری بڕوانامەی ماستەریش بوو لە بەڕێوەبردنی کار، چونکە ئەو پێی وابوو پێویستە ھەموو کەس لە (بزنس ئەدمینستەرەیشن) توانای ھەبێت ئەوکات پلەی ئیداری وەرگرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×