ترەمپ: تا کۆتایی ئەمساڵ پێکوتەی کۆرۆنا ئامادە دەبێت
  2020-05-04       679       
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەشێوەیەکی چڕ کار لەسەر دۆزینەوەی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) دەکرێت و پێدەچێت تا کۆتایی ئەمساڵ پێکوتەکە ئامادە ببێت.

ئاوێنه‌: سەرۆکی ئەمریکا لە میانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی “Fox News”ی ئەمریکی باسی لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی تایبەت بە ڤایرۆسەکە کرد.

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) قۆناغێکی سەرکەوتووی بڕیوە و لە چوارچێوەی رێوشوێنەکاندا دەتواندرێت هەنگاو بە هەنگاو ژیان لەو ویلایەتانە ئاسایی بکرێتەوە کە جوڵەی ئابووری تیایندا وەستاوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە پێشبینی زیانەکانی ڤایرۆسەکە، ئەوەی خستەڕوو کە چاوەڕوان دەکرێت ٨٠ بۆ ٩٠ هەزار کەس لە ئەمریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، گیانلەدەستبدەن.

کاتێکیش لەبارەی لێدوانەکەی هەفتەی رابردووەوە پرسیاری لێکرا کە تیایدا ژمارەی پێشبینیکراوی قوربانییانی ڤایرۆسەکەی بە ٦٠ بۆ ٦٥ هەزار رایگەیاندبوو، ترەمپ وتی: “ئەوکات وتم ٦٥ هەزار، بەڵام ئێستا دەڵێم ٨٠ بۆ ٩٠ هەزار چونکە زۆر بەخێرایی ژمارەکە زیاد دەکات”.

سەرۆکی ئەمریکا باسیشی لە هەوڵەکانی دۆزینەوەی پێکوتەی دژەکۆرۆنا کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەشێوەیەکی چڕ کار لەسەر پێکوتەکە دەکرێت و پێدەچێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئامادەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×