لە ئێران 50 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2020-05-13       573       

وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا یەك هەزار 958 حاڵەتی نوێی توشبون كۆرۆنا تۆماركراون و 50 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: كیانوش جەهانپور، وتەبێژی وەزارەتەكە رایگەیاند: لە نیوەڕۆی دوێنێوە تاوەكو نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، یەك هەزارو 958 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا لە ئێران تۆماركراون و بەوەش كۆی گشتی توشبوان گەیشتۆتە 112 هەزارو 725 كەس.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هەر لەو ماوەیەدا 50 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكە لە ئێران گیانیان لەدەستداوەو بەوەش كۆی گشتی ئەوانەی بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە تا ئێستا گەیشتۆتە شەش هەزارو 783 كەس.

بەپێی قسەی كیانوش جەهانپور تا ئێستا 89 هەزارو 428 توشبوی كۆرۆنا لە ئێران چاكبونەتەوەو نەخۆشخانەیان جێهێشتوە كە ئەوەش نزیكەی لەسەدا 80ی توشبوانە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دو هەزارو 735 توشبوی ڤایرۆسەكە لە بارێكی سەختی نەخۆشییەكەدان و لەژێر چاودێری پزیشكیدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×