له‌ كه‌ركوك هێزەکانی سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان دژ بە داعش ئەنجام دا
  2020-05-13       773       
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە هێزەکانی سوپا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدونانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکوک دەست پێکردوە.
 
ئاوێنه‌: شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هابەشەکان سەربە سوپا لە پارێزگای کەرکووک، ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی دۆڵی عەمشە و قەرەچەم باشووری رۆژئاوای قەزای دوبز باشووری پارێزگاکە دەست پێکردووە.

باس لەوەشکراوە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، دەستگیركردنی كەسانی داواكراو، هەروەها راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە پتەوتر بێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا، تیرۆریستانی داعش زنجیرەیەک هێرشیان كردە سەر هێزەکانی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و ئەنبار کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز، پۆلیس و چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.

هاوکات راگەیەندرا کە لە ئاکامی هێرشێکی داعش و تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە پارێزگای دیالە، حەوت مەدەنی برینداربوون.

لەوبارەوە ئەفسەر لە فرقەی پێنج سەربە سوپای عێراق، رائید جەمیل عوبێدی رایگەیاند کە تیرۆریستانی داعش هێرشیانکردووەتەوە سەر ژمارەیەک کەسی مەدەنی لە ناوچەی عەبارە باکووری رۆژهەڵاتی دیالە و بەهۆیەوە سێ مەدەنی برینداربوون.

جەمیل عوبێدی ئاماژەی بەوەیشدا کە بۆمبێکی چێنراو لە ناحیەی جەلەولا باکووری رۆژهەڵاتی دیالە تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا، چوار جووتیار برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×