ئەمەریكا زیاتر لە 2 هەزار سەربازی خۆی لەعێراق و كوێت دەكشێنێتەوە
  2020-05-13       640       

سوپای ئەمریکا ئاشكرایكرد، دەستیکردووە بە کشاندنەوەی نزیکەی 2500 سەربازی خۆی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەمریکا، هۆکارەکەشی بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاندۆتەوە.

ئاوێنه‌: ئەم هەنگاوەی سوپای ئەمریکا بەشێکە لە پلانی رێکخستنەوە، کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا  جێبەجێی دەکات. ئەو 2500 سەربازەی کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەکشێندرێنەوە، سەربازی فیرقەی 82ن.

سەربازە کشاوەکانی فیرقەی 82 لە فڕۆکەخانەی فۆرت براگی سەربازیی لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، کە پێگەی سەرەکی خۆیانە لە بری گوڵ بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشوازییان لێدەکرێ و 14 رۆژ لە ماڵی خۆیان کەرەنتین دەکرێن.

سەربازانی فیرقەکە، کە ژمارەیان نزیکەی 2500 سەربازە، پێش چوار مانگ و لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە گواسترانەوە بۆ کویت و عێراق، بەهۆی زیادبوونی گرژیی لەنێوان هەردوولا.

بەپێی ئامارەکان  تائێستا زیاتر لە 11 هەزار لە  کارمەندان و سەرباز و خێزانەکانیان لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×