پەتای کۆڕۆناو بەهایەکی تێکشکاو
  2020-05-17       891       

نوسینی: سامی داود
وەگێڕانی: فوئاد عەبدولڕەحمان

 

فەیلەسووفان لەم سەدەمە‌و لەم ساتەدا زۆر بە پەلەو بە خێرایی کەوتنە ئەوەی وێنای بەهای جیهانیی کۆن‌و تێکشاوەکانمان دووبارە بۆ بهێننەوە بە چاوو بەردەست بۆ چاوپیادا خشاندنەوەو دووبارە خوێندنەوەی ئەگەر لە کاتی دەستبەتاڵیشماندا بێت. لە هەمان کاتدا بۆمان گرێ بدەنەوە بە ململانێ کولتووری‌و رۆشنبیرییەکانمان. باس لە‌و کتێبانەشمان بۆ بکەن، کە لە کاتی خۆیدا چارەسەر بوون بۆ قەرانەکانی لەو جۆرە.


لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانە داراییەکانی پەیوەست بە قەرزە عەقارییەکان، خەڵکی کەوتنە‌وە کڕین‌و خوێندنەوەی کتێبەکانی کارڵ مارکس. وەک بڵێیت دەرمانی هۆشهێنانەوە بێت بۆ یەکێک لە دەردە گەورەکانی سیستمی سەرمانەداریی جیهانی‌و پەتای کۆڕۆنا.
فەڕەنسییەکان بە پەلە کەوتنەوە کڕین‌و خوێندنەوەی رۆمانی (تاعوون)ی ئەلبێر کامۆ، کە هەڵبەت خۆ هیچ واتایەکی نییە، کە ئەم خەڵکە ئێستا بۆ ئەو رۆمانە ئەخوێننەوە، خۆ ڤاکسین نییە لەم پەتای کۆڕۆنایە رزگاریان بکات.
هەڵبەت کێشە فەلسەفییەکەی کامۆ خۆکوژیی عەقڵی‌و بیرۆکەی بێهودەیی بوو‌، نەک دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ لەناوبردنی تاعوون. لەوەش سەیرتر ئەوەیە، کە هەندێک لە فەیلەسووفان هاتن‌و کتێبی (چاودێری‌و سزادان)‌ـەکەی میشێل فۆکۆیان کرد بە نموونەیەک بۆ رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی فریاگوزاریی بە پەلەو پێویست لەم جۆرە بارو دۆخەدا، ـ کە بە پێی بۆچوونی ئالان بادیۆش دەبێت پێویست بکات ـ ، کە وڵاتانی ئەوروپا ببن بە دێوەزمە‌ی گەورە لە شێوەی رژێمی چین‌و ئیتر واز لە مێژووی رابردووی خۆیان بهێنن، کە بۆیان بووە بە بناغەی دامەزراوەیی‌ی کۆمەڵگای وڵاتانی ئەوروپای ئێستا.
لەبەر ئەو هەموو گوژمە بیرەی، کە قەیرانەکەی پێ ئاڵۆزتر ئەبێت، تەنها ئەمەوێت ئەوە بڵێم، کە (چاودێری‌و سزادان)ـەکەی فۆکۆ نابێتە ڤاکسینی فەلسەفی بۆ ئەم جۆرە پەتایە. ئەوەی فۆکۆ ویستوویەتی هەڵکۆڵینی بۆ بکات، ئەوە بووە، کە دەسەڵات هەرگیز جیاوازییەکانی لە نێوان رۆلی دەزگا ئایینی‌و تەندروستی‌و سیاسییەکاندا بەدی ناکات.  بەڵکو هەمیشە هەوڵ ئەدات خۆی بسەپێنێت بە سەر هەموو جومگەکاندا بسەپێنێت‌و لەو رێگایەشەوە کۆنترۆڵی جەستەی تاک بە تاکی مرۆڤەکانی نێو کۆمەڵگا بکات. بەڵام ئەمە لە نێو چوارچێوەیەکی زۆر بەر تەسکدا کاریگەریی هەیەو لەگەڵ سیستمی یاسایی‌ی نوێدا یەکتر ناگرنەوە‌و پووکاندنەوەی ئایینیش چارەسەر نابێت بۆی، بە تایبەت لە ژینگەی ئەروپاییدا.
جگە لە جیاوازیی پێوانەیی‌‌ی نێوان کارەنتینەی گرێدراو بە ئینترنێتەوەو کەرەنتینەی سەپێنراو لە لایەن کنیسەوە لە سەدەی شانزەهەمدا بە مژدەی ئەوەی، کە سواری کەشتی ئەبن‌و بەرەو بەهەشت ئەچن.
ئەم ئارگیومێنتە نوێ نییە. هەڵبەت لە دوای ١١ی سێپتێمبەر، رێکخراوی یۆنیسکۆ پریسارێکی خستۆتە بەردەمی چەندین فەیلەسووف‌و نووسەرو هەمە رۆشنبیر، کە ئایا لە سەردەمی گلۆباڵیزمدا (بەهای مرۆڤایەتی) چیی بە سەر دێت‌و چیی لێ دێت؟
بۆیە، من لێرەدا، خوێندنەوەی ئەم رەهەندی تێکشکانەی سەبارەت بە بەهاکانی مرۆڤایەتی ئاسانتر دەخەمە بەر چاو.
رەنگە سلاڤۆی ژیژیک، کە بۆ خۆی وێنەیەکی ستالینی خستۆتە چوارچێوەیەکەوەو لە پشتی سەریییەوە لە ژووری نوستنەکەی خۆیدا هەڵواسیوە، بەر لە هەموو کەس خۆی لەم مەسەلەیە هەڵقورتاندووەو خێرا داوای ئەوەی کردووە، کە رژێمی کۆمۆنیستی دووبارە بگێڕدرێتەوە ناو جیهان‌و چارەسەری سیستمی جیهانیی سەقەتی پێ راست بکتێتەوە.
ژیژیک لە وتارەکەیدا بە شێوەیەکی نێگەتیڤی باسی لە خۆی کردووە. بەڵام من لێرەدا بەو جۆرە نیشانی ئەدەم، کە واڵتەر بنیامین شیکردنەوەی بۆ تابلۆی فریشتەی مێژوو کردووە. ئەو تابلۆیەکی، کە پۆڵ کلی کێشاویەتی، کە باس لەوە ئەکات، کە فریشتەیەک ئاوڕی لە مێژوویەکی رابردووی پڕ لە بێ ئابڕوویی داوەتەوە، بە جۆرێک، کە ئاوڕ لە بای هەڵکردووی ئاییندەو هیواکانی پێ نەدرێتەوە.
بەڵام ئایا رژێمی کۆمۆنیستی چۆن ببێتە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ بەهایەکی جوان؟ لە کاتێکدا، کە هەر ئەو رژێمە بوو، کە گەلانی خستبووە نێو بەندیخانە‌ ئەرخەبیلەکانەوە‌و کردبوونی بە سێرکتی ئامێردی بۆ جووڵاندنی سیستمی سەرمایەدارییانەی دەوڵەت؟ هەڵبەت ژیژیک هیچ شیکردنەوەیەکی نییە جگە لەوە نەبێت، کە بیرمان بهێنێتەوە، کە شارستانیی بەکاربەری ئێمەی گەیاندۆتە ئەم چارەنووسە رەش‌و تراجیدییە.
بەڵێ ئازیزم، ئێمە ئەزانین، کە چۆن ئابووریی بندەستی خوداوەندی نوێ ــ لۆبییەکان‌‌و کۆمپانیا بێ سنوورەکانی ــ ئەم جیهانە ئیبراهیمییەیان وەک جاک دێریدا ئەڵێت، کردووە بە سەرەنوێلک‌و مەلهاکانی رابواردن. بەڵام ئەم ساتە گونجاو نییە سەودایی لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا بە پێی بناغەی: کە شیریترینیان هەر تاڵ بێت. تەنانەت شیکاریکردنی ئەدەبییانەش سەبارەت بە چارەسەر دۆزینەوە بۆ باشترین دەستکەوت، کە شاییم بێرلمان وەک پڕۆژە پێشکەشی کردووە. هەڵبەت لەو کاتەدا چارەسەر دێتە پێش، کە ئێمە کڕۆکی ئاگیومێنتەکەمان وا بێت، کە قازانجمان ئەوە بێت، کە بەراوردی هەڵبژاردن لە نێوان خراپترو خراپتریندا بکەین. ئەگەر چی ئەم بەراوردکردنە خۆی لە خۆیدا بەهای نائەخلاقیمەن نیشان ئەدات. بەڵام ژیژیک هیچ شەرمی لەوە نییە، کە هانمان بدات بۆ فەرامۆشکردنی زانینی راستییەکانی مێژوو لە پێناو رازیبوون بە ئەڵترناتیڤێک، کە ئەو بەوەی بزانێت، کە بەهای هەیە‌و کە هاوڕێ ستالینی پێش ئەم پیسەندی کردووەو بە نامەیەک ناردوویەتی بۆ کۆریای باکوورییەکەی، تیایدا وتوویەتی: ئێوە لە جەنگە براکوژییەکەتاندا هیچتان زیان نەداوە تەنها کوژراوەکان نەبن.
ئێستا هەندێک بیرکردنەوە هاتۆتە پێشەوە بە زمانی ئایین، وەک ئەو وتارەی ئادگار موودان، کە لە رۆژی ٢٧ی مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا لە رۆژنامەی لیبراسیۆن‌دا بڵاوبۆتەوە‌و تیایدا داوای لە کۆمەڵگاکان کردووە دەست بخەنە ناو دەست، چونکە چارەنووسی مرۆڤایەتی هەر یەک چارەنووس ئەبێت. من خودی خۆم نازانم ئەو چەترە جیهانییە چییە، کە هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە لە ژێریدا وەک خێزانێک کۆ ببنەوە؟! ئەگەر چی باوەڕی یۆتۆبییانە‌شم وەک مووران هەیە، کە مەسەلەکە وەها ببینم. بەڵام باوەڕێشم وەهایە، کە ئەمە مەحاڵە. نەک لەبەر ئەوەی بۆچوونەکە بۆچوونێکی ناڕاسیۆنالی‌و ناڕیالیستییە بە پێی ڵۆجیکی هیگڵی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ئیڤێنت‌و عەقڵدا، بەڵکو لەبەر ئەوەی، کە جیهانگیری هەر بۆ خۆی جیهانی وێران کردووە، کە شوێنی ئەوەدا بەرهەمێکی بەرهەم هێناوە، وەک ئەوەی، کە ژان بۆدیلارد ناوی لێ ناوە: ستریپتیزی رۆشنبیری، لەو کاتەی، کە وەڵامی پرسیارەکەی یۆنیسکۆی داوەتەوە. بە پێی بۆچوونی ئەو، ئەم ستیپتیزە رۆشنبیرییە بۆتە هۆی تێکەڵکردنی هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان. لەبەر ئەوە، ئیتر هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی نەماوە، کە ئەمەش کڕۆکی تێکشکانی بەهاکانە. ئەوەی، کە بۆدیلارد پینجەی لە سەر داناوە. بەوەی، کە کۆمەڵگاکان هەموو بوون بەڵگری ڤایرۆسێکی توندوتیژی‌و ناسەقامگیریی چاوەڕوانکراو، کە تۆڕە میدیاییەکان بەرهێمهێنەری ئەبن.
ئێمە، کەواتە، بەر لەوەی بە تەواوی بەرەنگاری کۆڕۆنا ببینەوە، پێویستە باس لەوە بکەین، کە ئەم ڤایرۆسی کۆڕۆنایە، شەڕانگێزترو خوتەرناکتر ئەبێت، بەوەی، کە هەوڵیش بدرێت لە ناو ببرێت، هەر لە ناو نەچێت؛ بە بەریەککەتن‌و گواستنەوەو تێکەڵاوبوون هەر زیاتر بکات‌و زیاتر بکات. بگاتە ئەو رادەیەی، کە هیچ جۆرە دەسەڵاتێکمان نەمێنێت بۆ خۆ لێ پارساتنی.
بیرمەندی فەڕەنسی عەبدولنوو بیدار لە وتارە بڵاوکراوەکەیدا لە هاڤتینگتۆن پۆست، لە ٢/٤/٢٠٢٠، ئاماژەی بەوە نەکردووە ئەو ڤایرۆسەی، کە هەموو بەهای مرۆڤایەتیی تێکشکاندووە، وەک بۆدیلارد ئەڵێت، بەڵام هەر لە دەستپێکی نوانیشانەکەیەوە باسی لەوە کردووە، کە ئێمەی مرۆڤ بە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، هەر لە بنەڕەتەوە لە کەرەنتینەداین. لە کەرەنتینەیەکی جیهانیدا بە لەش. بۆیە، ئێستاش کات هێشتا بە سەر نەچووە، بۆ پێداچوونەوە بە بیرکردنەوەمان سەبارەت بە بەها جیهانییەکانمان.  بەڵێ، ئێستاش هێشتا کات بە سەر نەچووە،  چونکە ئەبێت بیر لەوە بکەینەوە، کە ئەوەی لە کاتی کەرەنتیەدا کاریگەری دروست ئەکات، دیسان هەر ئەو تۆڕە میدیاییانەن، کە ڤایرۆسی بەها تێکەڵاوەکانی تیادا بڵاوئەکەنەوە؛ ئەو تۆڕە میدیاییە کۆلاجە نەگەییوانەن، کە وێنای بەها لەتلەتەکان ئەکەن‌، کە تەنها هەر بە خەیاڵ پێکەو ئەلکێن‌و یەک ئەگرنەوە.
لە هەندێک وڵاتدا خزمەتگوزارییەکانی نێتفلێکس، بە هۆی زۆر داواکردنیان‌و بەکارهێنانیان‌و قورسبوونیان‌و خاوبوونەوەیان، وەستێنراون. لە بریی ئەوە خەڵکی کەوتوونەتە ئەوەی لە نێوان خۆیاندا ڤیدیۆ گۆڕینەوە‌و نامە گۆڕینەوە بکەن. کەوتوونەتە ئەوەی بچنە ناو ماڵپەڕەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان. هەموو ئەوانەش بە هۆی بێزاریی بەردەوای تاکەکانی نێو کۆمەڵ، کە لکاون بە شاشەوە. کەواتە، ئاخۆ دەرفەت بۆ بەهای جوان لە ژیاندا کەی ئەڕەخسێت؟ ئایا ئەم پرسیارە نامانباتەوە بۆ لای ئەو چاوپێکەوتنە، کە کاتی خۆی لە نێوان هابرماس‌و پاپا بەندکتۆسی دووەمدا ساز کراوە؟ ئێمە لێرەدا، کە بە باس لە هابرماس ئەکەین، باس لەو بۆچوونە سەیرو نامۆیەی ئەکەین، کە وتوویەتی مرۆڤ پێویستی بە ئایین ئەبێت بۆ ئەوەی عەقڵ بە ئیمانەوە لە ناوماندا بڵاو ببێتەوە. بەڵام پاپا وەڵامی داوەتەوە، کە: پێویستە یەکەمجار عەقڵ ژێر چاودێریی بەها ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتییەکانەوە.
کەواتە، ئایا پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا چۆن وامان لێ ئەکات، کە پێداچوونەوە بە سیستمی ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتیماندا بکەین؟ ئایا ئەتوانین باس لە کۆمەڵگایەکی سەرتاسەریی جیهانی بکەین؟ لە کاتێکدا، کە جیهانگیریی راستەقینە بە هۆی ستریپتیزی رۆشنبیرییەوە ئابڕووی چووەو وێران بووە؟
لێرەدا سەبارەت بە داڕمانی بەها ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتییەکان، نموونەی بابەتێک ئەهێنمەوە، کە جاک دێریداو پیتەر سلوتردایک ورووژاندوویانە، چونکە ئەو نموونەیە یەکانگیر ئەبێت لەگەڵ ئەم باسەی ئێستا، کە لە بارەی داڕمانە ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتییەکاندا لە ئارادایە، نەک بە هۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، کە تەنها پەتایەکی جیهانییەو زەنگێکە بۆ لابردنی پەردە لە سەر داڕمانی بەها رەوشتی‌و نامرۆڤایەتییەکان‌و هیچی‌تر، بەڵکو بە هۆی زاڵبوونی ئابووریی کاربەری بە سەر ئەو واتایەوە، کە ئایا بۆچی بوونی مرۆڤایەتی بە تێکڕا لەت لەت بووەو تاک تاک بوونی بە سیستماتیک کراوە؟
دێریدا لە نووسینێکیدا بۆچوونێکی ئیتۆڵۆجیی خستۆتە روو سەبارەت بە جیهانگیری‌و جیهان. بەر لە گەیشتن بە پرسیارێک، کە پێویست بووە هەر لە سەرەتاوە بیکات، کە: ئایا پێداچوونەوە بە خوێندنەوەمان بکەین سەبارەت بە جیهانێک، کە بەرهەمی پڕۆسەی جیهانگیری بووە‌، کە هاووێنەی جیهانی ئیبراهیمیی تایبە‌ت بە ئایینە یەکتاپەرستییەکانە، کە هەموو هەڵگری هەمان پەیامی برایی‌ی سرجەم مرۆڤەکانن. هەروەها بە لایەوە وایە، کە وەک خۆی وێنای ئەکات، ئەرکی فەیلەسووف ئەوەیە بە دەنگی بەرز بڵێت باوەڕی بەوە بێت، کە جیهانگیری بە راستی بشێت بێتە دی. بۆیە بانگەواز بۆ بە جیهانگیریکردنی لێبەردیی ئەکات. ئەمەش ئەو یەزدانناسییەیە، کە بڵاو ئەکرێتەوە لە بریی ئەوەی لە ناو بچێت.
بەڵام فەیلەسووفی ئەڵمانی سلۆتردایک، بیرۆکە فەلسەفییەکەی خۆی لە سانت ئۆگستین‌ەوە وەرگرتووە سەبارەت بە گوناه (گەڕانەوە بۆ خود)، کە ئۆگستین دایناوە بە هۆکارێک بۆ دابڕان. هەر لەم بیرۆکەی گوناهەشەوە، سلۆتردایک بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە پێویستە مرۆڤ شەیتان لە ناو جەستەی خۆی بهێنێتە دەرەوە. داواشی لە مرۆڤی رۆشنبیر کردووە، کە خۆی لەو مەسەلەیە هەڵبقوتێنێت. ئەوەش لە پێناوی ئەوەی رەهەندەیەک دروست بێت لە نێوان خودی مرۆڤ خۆی‌‌و ئەو نەهامەتییەی، کە جیهانگیری دروستی کردووە.
بێگومان هەندێک لە نیشانەو ئەلیمێنتەکانی جیهانگیری ئەمانەن: ناردەو هاوردەی شمەک، گەشتیاری، کۆمپانیای گواستنەوەی ئەرزی‌و دەریایی‌و ئاسمانی. هەموو ئەمانە بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنای بەجیهانگیریکراو، کە لەگەڵیدا گوناهکاری دابڕان بەرپا بوو. ئەنجامەکەشی چاوچنۆکیی کۆمەڵگای کاربەریی ئابووریی بوو. بەڵام ئەم پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنای جیهانگیرییە، نەبووە هۆی بەجیهانگیریکردنی تۆڵیڕانس‌و برایەتیی جیهانی، وەک دێریدا بیری لێ ئەکاتەوە.
هەڵبەت ئەم پاڕادۆکسە جومگەییە لە هەموو شتێکدا دیار نییە، کە پاشەکشە بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، وا دەئەکەوێت، کە بیرو فەلسەفەی‌تریش بێتە ئاراوە، بە ناوی هاوکارییەوە، بەڵام لە دەرەوەی هوموو بەهایەکی ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتیدا بێت، وەک ئەوەی ترامپ خواستی، شان بە شانی میدیان، بۆ نموونە میدیای فەڕەنسی، کە بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا بە نیاز بووە دەمامک‌و خاوێنکەرەوەی‌ لە وڵاتی چینەوە بۆ بێت، کە کاروانسەرای فەڕەنسادا تێپەڕێنرێت. دوا بە دوای ئەوە، بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسی بڵاو بووەوە سەبارەت بەوەی کە وڵاتی تورکیا جەردەیی کردووە لە دەست بە سەردا گرتنی بارێکی ئاسمانی، کە بریتی بووە لە کەرەستەی پزیشکیی چینی، کە بەرەو ئیسپانیا گەشتی کردووە.
بەڵام، ئەی چار چییە؟ زیگمۆنت بوومان لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی: رەوشت لە سەردەمی تازەگەریدا، پێشنیارێکی لە روانگەی بیرۆکەیەکی نەرجسییەوە کردووە. بە واتایەکی هیگڵی، کە خۆداماڵین بێت لە خود لە پێناوی کەسانی‌تردا. بومان بڕوای وا بووە، کە بوونی کەسی بەرامبەر بوونی خودی پێ ئەسەلمێت. واتە، کە کەسی بەرانبەر بوونی نەبێت، خود هیچ بوونی نابێت. ئەوجا خۆشەویستی هەرگیز بوونی نابێت، ئەگەر لە بەرامبەردا کەسێک بوونی نەبێت تۆ خۆشت بوێت. بەڵام لە سەردەمی دێجیتاڵیدا هەمیشە ئەڵتەرناتیڤی‌تر پیدا ئەبێت‌و دێتە ئاراوە. بۆ نموونە ئەو رۆبۆتانەی، کە بە مۆبایلەوە ببەسترێنەوە. خۆراکیش ببێتە میکانیزمەیەکی ئامێردی. وەک ئەوەی فۆکۆ ناوی لێ ئەنێت کۆنترۆڵی ئۆڕگانی. بەڵام ئێریک فرۆم لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی: ئەناتۆمیی لایەنی وێرانکەریی مرۆڤ، باسی لەوە کردووە، کە مرۆڤی ئامێردی هەڵبەت رژێمی بیرۆکڕاسیی توندی حیزبی نازی دایهێناوە.
ئەم دۆخە رۆبۆتییە‌ی، کە بە هۆی زاڵبوونی ئابووریی دێجیتاڵی‌و کۆمپانیا جیهانییەکانەوە هاتۆتە نێو جەستەی مرۆڤی ئەم سەردەمەوە، جۆرە مرۆڤانێکی بەرهەم هێناوە، کە خاوەنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتی نەبن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا هیچ بەرگەی هیچ جۆرە دەردێک نەگرێت.
لەبەر ئەوە، ئەم مرۆڤ ئامێردانە بێگومان ئەبن بە قوربانیی سیستمی تازەگەریی نوێ.
هەڵبەت ئەو لۆگاریتمەش، کە لە یوتیوبی باشتر پێ ئەدۆزرێتەوە، ئەبێتە ئاماژەیەک بۆ پیدابوونی ئایینێکی جیهانیی تەواو بەرەڵاییانە‌و ئەبێتە ئاماژەیەکیش بۆ ئەوەی، کە ئابووریی تێجیتاڵی ژینگە بە تەواوی وێران بکات. بۆیە پێویستە بە پەلە ئاوڕێک لە سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو بدەینەوە، کە ئەخرێنە کارخانەی دەوڵەتە پیشەسازییەکانەوە. ئیتر لێرەدا پاڕادۆکسی خۆشەویستی بە دەر ئەکەوێت بە هەموو قەتماغەکانییەوە. بۆ نموونە: راستە ماوەیەکی‌تر شەقامەکەنی ئەوروپا پڕ ئەبن لە ئۆتۆمپێلی کارەبایی، بەڵام پاش ئەوەی سیستمی ژینگە‌ی جیهان، وڵاتە هەژارەکانی بەرهەمهێنەری ماددەی لیتیۆم وێران ئەکات. لە لایەکی‌ترەوە کۆمپانیا پیشەسازییە زەبالاحە جیهانییەکانی کۆپیی نوێ لە کۆیلاتی دەر ئەکەن بەوەی، کە روو ئەکەونە سەپاندنی سیستمی باجی زەبەلاح‌و زیاتر کردنی کۆمەڵگای کرێکاری کەم دەرامەت.
هەڵبەت کەرەنتینە دەرفەتێکە بۆ تێڕامان‌و بیرکردنەوە، زیاتر وەک لەوەی پڕۆژەیەک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەهایی لە دژی جیهانی نوێ‌و مەترسیی لێکەوتەی ئابووریی ترسناک، کە بمانهاوێتە سەر پەراوێزێکی خلیسکان‌و هەرچی بەهایەکی ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتیمان پێشتر هەبووبێت، لە دەستمان بچێت‌و بیدۆڕێنین.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×