كوڕانی جەمال خاشوقچی لە خوێنی باوكیان خۆش دەبن
  2020-05-22       800       

سەڵاح خاشوقچی، كوڕی جەمال خاشوقچی، ئەو رۆژنامەنوسە سعودییەی كە ساڵی 2018 لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستانبوڵ كوژرا، دەڵێت: خۆی و براكانی لە خوێنی باوكیان خۆشبون.

ئاوێنە: سەڵاح خاشوقچی، ئەمڕۆ هەینی، لە تویتێكدا رایگەیاند: ئێمە كوڕانی جەمال خاشوقچی رایدەگەیەنین لە بكوژانی باوكمان خۆشدەبین و لە خوا دەپاڕێینەوە پاداشتمان بداتەوە.

بەڵام لەوەڵامی ئەوەدا خەدیجە جەنگیز، دەستگیرانی جەمال خاشوقچی لە تویتێكدا وتویەتی"خاشوقچی بۆتە رەمزێكی نێودەوڵەتی و گەورەترە لە هەر یەكێك لە ئێمە...هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە لە بكوژانی خۆش بێت. من و ئەوانی دیكەش ناوەستین تا دادپەروەری بۆ جەمال خاشوقچی بەدەستدەهێنین.

جەختیشی كردۆتەوە"لە بكوژانی و ئەوانەشی فەرمانی كوشتنیان داوە خۆش نابین."

جەمال خاشوقچی بۆ دوایین جار لە 2ی ئۆكتۆبەری 2018 لە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ بینرا، كە بەمەبەستی رادەستكردنی بەڵگەی پێویست بۆ هاوسەرگیرییەكەی سەردانی كردبو. بەڵام بەپێی راپۆرتەكان لەوێ كوژراو جەستەكەشی بە پارچە پارچەكراوی بەرەو دەرەوەی كونسوڵخانەكە گوازرایەوە.

كوشتنی خاشوقچی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو پەنجەی تۆمەت بۆ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە رادەكێشرا بەوەی كە فەرمانی كوشتنی خاشوقچی داوە.

دەزگای هەواڵگری ئەمریكاو چەند وڵاتێكی رۆژئاوا پێیانوایە محەمەد بن سەلمان فەرمانی كوشتنی خاشوقچی داوە، بەڵام بەرپرسانی سعودیە ئەوەیان رەتكردۆتەوەو وتویانە، ناوبراو هیچ رۆڵێكی نەبوە وێڕای ئەوەی شازادەی جێنشینی سعودیە خۆی بۆ یەكەمجار لە مانگی ئەیلولی رابردودا ئاماژەی بەوەدابو كە هەندێك بەرپرسیارێتی تاوانەكە دەكەوێتە ئەستۆی خۆی بەهۆی ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا رویداوە.

لەسەر كەیسەكە سعودیە لە مانگی كانونی یەكەمی رابردودا فەرمانی دا بە لە سێدارەدانی پێنج كەس و زیندانیكردنی سیانی دیكە، بەڵام دادگایی كەیسەكە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە ئیدانە كرا.

بەڵام سەڵاح خاشوقچی، كوڕی جەمال خاشوقچی، سەبارەت بە بڕیارەكە، ئەو كات رایگەیاندبو: متمانەمان بە دەسەڵاتی دادوەری سعویە لەسەر هەمو ئاستەكان هەیە كە دەتوانێت دادپەروەری بهێنێتەدی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×