شاسوار عەبدولواحید: سەرۆكی حكومەت دانی بە شكستی خۆی و حكومەتەكانی پێشودا نا
  2020-05-23       1490       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، رایگەیاند: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەكەی دوێنێیدا دانی بە شكستی خۆی و حكومەوتەكانی پێشوی هەرێمدا ناو ئاماژە بەوەشدەدات كە لەدوای جەژن خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن و دەشڵێت: هیوادارم دوای جەژن ببێتە جەژنی روخانی ئەم دەسەڵاتە كوردییەی كە 29 ساڵە هەرێم و خەڵكەكەی بە ئەمڕۆ گەیاندوە.

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، ئەمشەو شەممە، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند"دەزانم هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدان و گوزەرانێكی ناهەمواریان هەیە، بەڵام هیوادارم دوای جەژن ببێتە جەژنی راستەقینە، ببێتە جەژنی روخانی ئەم دەسەڵاتە كوردییەی كە 29 ساڵە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بە ئەمڕۆ گەیاندوە."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە وتەكەی دوێنێی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند"ئەو كەسە دانی نا بە شكستی خۆی و حكومەتەكانی پێشوتردا، بەڵام وا قسەی دەكرد وەك ئەوەی تازە هاتبێتە ناو سیاسەت، چ خۆی، چ بنەماڵەكەی، چ پارتەكەی بەرپرس نەبوبێتن لەوەی كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستانی پێگەیشتوەو لە هەمو ئەو شكستانەشی كە لە 29 ساڵی رابردودا رویانداوە."

وتیشی"ئەو كەسە خۆی و حزبەكەی بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتیدا لە 29 ساڵی رابردودا حوكمی هەرێمی كوردستانیان كردوەو بەرپرسن لە هەر شكستێك كە دوچاری هەرێمی كوردستان بۆتەوەو روی لەم خەڵكە كردوە."

سەبارەت بەوەی كە مەسرور بارزانی باسی لەوە كردبو كە حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە، شاسوار عەبدولواحید وتی"من حەزئەكەم داتایەكی سادە بۆ هاوڵاتیان رونبكەمەوە، بۆئەوەی هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لێی ئاگاداربن. تەنها لە ساڵی 2014 بەدواوە، واتە لە 1/1/2014ەوە كە حكومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوەو لەماوەی ئەم شەش ساڵەدا بۆ زانیاریتان زیاتر لە 21 ملیار دۆلار داهاتی ناوخۆمان هەبوە، ئەمە بەوتەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەپێی ئەو داتایانەی كە ئێستا خۆیان دانی پێدادەنێن. هێزەكانی هاوپەیمانان یەك ملیارو نیو دۆلاریان داوە بە هاوكاری پێشمەرگە، هەروەها حكومەتی عێراق نزیكەی 10 ملیار دۆلاری ناردوە لەماوەی دو ساڵی رابردودا، كە ئەوەش دەكاتە 33 ملیار دۆلار. هەروەها بەپێی ئەو داتایانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بڵاویكردۆتەوە تەنها نەوت و فرۆشی نەوتی هەرێم 41 ملیار دۆلار بوە، واتە بەو چوار بڕگەیە 74 ملیار دۆلار لە ماوەی شەش ساڵی رابردودا ئێمە داهاتمان هەبوە، بەڵام حكومەت تەنها 30 ملیار دۆلاری داوە بە موچە. گریمان ئێمە هەرچی نەوتی ئەم شەش ساڵە هەیە كە بایی 41 ملیار دۆلار فرۆشراوە، بەخۆڕایی داومانە بە كۆمپانیا ئەوروپییەكان و جیهان و یەك دینارمان وەرنەگرتوە. تەنها داهاتی خۆمان 33 ملیار بوەو لەوە 30 ملیار دۆلار دراوە بە موچەی فەرمانبەران و هاوڵاتیان. باشە چۆن قەرزارین. خۆ ئەگەر قەرزی فەرمانبەران و پاشەكەوتی موچەش حساب بكەی و وایدابنێی هەمو ئەم شەش ساڵەی رابردو موچەی تەواو بدرایە بە هاوڵاتیان، ئەوە 48 ملیار دۆلارمان پێویست بو، بەڵام ئێمە بایی 74 ملیار نەوتمان فرۆشتوەو داهاتمان هەبوە. ئەم پارەیە چی لێهاتوەو چۆن قەرزارین؟"

جەختیشی كردەوە"ئەو شكستەی ئەمڕۆ بەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، پارتی بەپلەی یەكەم لێی بەپرسە، چونكە پارتی زۆرینەی پەرلەمانەو 29 ساڵە بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی حوكم دەكات، لەدوای پارتی لە ئێستادا یەكێتی و گۆڕان كە لەو حكومەتەدا بەشدارن، بەشێكن لەم حكومەتەو لەم شكستە. ئەگەر ئەمڕۆ هەتا زوە لەو حكومەتە نەكشێنەوەو خۆیان بێبەری نەكەن لەو حكومەتەی كە خەڵكی توشی ئەم قەرزەو ئەم گوزەرانە خراپە كردوە، ئەوا سبەی رۆژ لەكاتی هەڵبژاردندا یان لەهەر كاتێكی تردا بێت یەكێتی و گۆڕان ناتوانن خۆیان بكەن بە پاڵەوان و ناتوانن هەڵوێستیان هەبێت، چونكە ئەگەر دەزانن پارتی و ئەم حكومەتە ستەم لەخەڵك دەكات، پارەی خەڵكی خواردوە، خەڵكی هەرێمی كوردستانی خستۆتە ژێر قەرزەوە، ئەوە دەبێت ئێستا لەو حكومەتە بێنەدەرەوە، ئەگەرنا ئەوانیش دەبنە شەریكی پارتی و بەرپرسن لێی."

ئاشكراشیكرد"لەدوای جەژنەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەگەڵ زۆرێك لە خەڵك و كەسایەتی و لایەنی تردا، هەمومان پێكەوە خۆپیشاندانی سەرتاسەری رادەگەیەنین. داواكارم ئەو كاتەی رامانگەیاند هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە كاسپكارو فەرمانبەرەوە بە گەنج و پیرەوە بە ژن و پیاوەوە بەهەمو چین و توێژەكانەوە بەشداری لەو خۆپیشاندانانە بكەن و داوای مافی خۆیان بكەن و چیتر ئەم زوڵمە قبوڵ نەكەن."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×