سەربڕینی كچێكی 13 ساڵ بە"داس" لەلایەن باوكییەوە، ئێرانی هەژاندوە
  2020-05-27       2920       
رۆمینا ئەشرەفی

ئا: رێژنە سەردار


كچێكی تەمەن 13 ساڵ، بەناوی "رۆمینا ئەشرەفی" لەشاری ئاستارای ئێران، كە لەگەڵ خۆشەویستەكەی هەلاتبو، پاش دەستگیر كردنی سەرباری ئەوەی پاڕابۆوە رادەستی باوكی نەكەنەوە، بەڵام دەیدەنەوە دەست خێزانەكەی‌و لەکاتی خەوو شەودا باوكی بەداس سەری لەجەستەی جیا دەكاتەوە.


رۆمینا كە خەڵكی گوندێكی شاری ئاستارای ناوچەی تالشە، نوێترین قوربانی كوشتنی ناموسە لەئێران‌و کوشتنیشی بەو شێوە دڵڕەقانەیە ئەو وڵاتەی بەجارێك هەژاندوە.


كەناڵەكانی ئێران باس لەوە دەكەن لەبەرئەوەی باوكی ئەم كچە، ناڕازیی بوە كچەكەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستە تەمەن 29 ساڵەكەی بكات، بۆیە هەردوكیان بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەڵاتون‌و پاش دەستگیر كردنیان لەلایەن پۆلیسەوە، هەرچەندە كچەكە لەگەڕاندنەوەی بۆ ماڵەوە ترساوەو پاڕاوەتەوە نەیدەنەوە دەست باوكی، بەلام دادوەر بەپێی یاساكانی ئەو وڵاتە بەدەستی "وەلی ئەمر"ەكەی سپاردوە، بەو پێیەی باوكی بەمهیرەبانییەوە بەڵێنی داوە چاوپۆشی لەهەڵەی كچەكەی بكات.


پاش ئەوەی كچەكەیان دەدرێتەوە، ئەم خێزانە شەوێك لەماڵی خزمێكیان لەشاری ئاستارا دەمێننەوەو بۆ سبەی دەگەڕێننەوە گوندەكەی خۆیان، بەڵام لەكاتی خۆرئاوابون‌و هاتنی شەودا باوكەكە بەشێوەیەكی دڵڕەقانە كچەكەی لەخەودا بە"داس" دەكوژێت.


میدیاكانی ئێران دەڵێن باوكەكە سەرەتا ویستویەتی كچەكەی بخنكێنێ‌، كە نەیتوانیوە سەری ئەوی بەداس پەڕاندوە.


دەشڵێن "باوكەكە بێكارەو ئالودەی ماددەی هۆشبەرەو دایكی كچەكەش تەمەنی 40 ساڵەو برایەكی تەمەن 6 ساڵانیشی هەیە".


پاش تێپەڕینی پێنج رۆژ بەسەر ئەم روداوە دڵتەزێنەدا، چۆنیەتی كوشتنەكە ئاشكرا بوەو بوەتە قسەو باسی سەرەكی هەمو میدیاكان‌و تۆڕە كۆمەلایەتییەكانی ئێران.


زۆرێك لەهاوڵاتیانی ئەو وڵاتە ئەم تاوانە بەدیمەنە خەمناك‌و ترسناكەكانی فلیمی "ماڵە باوك"ی كیانوشی عەیاری بەراورد دەكەن،  كە بەهاری ساڵی رابردو لەلایەن دادگاوە رێگەی نەدرا لەسەر پەردەی سینەماكان پیشان بدرێت.


فلیمەكە چیرۆكی كوشتنی كچێك دەگێڕێتەوە كە بەهۆی "ئابڕو بردنی خێزانەكەوە"، لەسەر خواستی باوك‌و بەدەستی برا بچوكەكەی دەكوژرێ‌‌و تەرمەكەی لەژێرزەمینی ماڵەكەیاندا دەشاردرێتەوە.


دەرهێنەری فیلمەكە كیانوشی عەیاری، دەربارەی كوشتنی رۆمینا بەتوانجەوە بەئاژانسی ئیسنا-ی راگەیاندوە "ئەم روداوانە لەئێران كەی روئەدەن ؟! من باوەڕ بەم پاگەندانە ناكەم".

فیلمی "ماڵە باوک"ی كیانوشی عەیاری

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×