11 پەرلەمانتار داوای ئازادكردنی "بەدەل بەرواری" دەكەن
  2020-05-27       1421       

11 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوردستان داوا دەكەن "بەدەل بەرواری" ئەو مامۆستاو چالاكوانەی كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانی سەرەتای هەفتەی رابردو لە دهۆك دەستگیركرا، بەزوترین كات ئازاد بكرێت.

ئاوێنە: ئەو 11 پەرلەمانتارە لە راگەیەندراوێكدا وتویانە: پێویستە ”بەدەل بەرواری” بەزوترین كات ئازاد بكرێت.

بەدەل بەرواری ماوەی 12 رۆژە بەهۆی خۆپیشاندانەكانی شاری دهۆك كە رۆژی شەممە 16ی ئەم مانگە بەڕێوەچو، دەستگیركرا. ئەو بەر لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان دەستگیركرا.
لە خۆپیشاندانەكاندا دەیان كەس دەستگیركران بەڵام هەمویان جگە لە بەدەل بەرواری بە كەفالەت ئازادكراون.

11 پەرلەمانتارەكەی كوردستان ئاماژەیان بەوەداوە كە مامۆستا بەدەل بەرواری بە ناهەق لە زیندان هێڵراوەتەوە كە "تۆمەتی دەستگیركردنەكەی و هێشتنەوەی لە زیندان دا، تەنها ئەوەیە بەرگریی لە مافی خۆی كردوەو ناڕەزایی بەرانبەر بە دواكەوتنی موچەكەی دەربڕیوە."

‎وتوشیانە"ئێمەی پەرلەمانتاران كە لە خوارەوە ئیمزامان كردوە، داوادەكەین كە پێویستە وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ئەم مامۆستایە ئازادبكات و چیتر بەتۆمەتی ناڕەزایی دەربڕین و رێپێوانی هێمنانە، مامۆستایان و چالاكوانان دەستگیرنەكرێن و تۆمەتی بێبنەمایان روبەڕو نەكرێتەوە."

‎هەروەها داواشیان لە لیژنەكانی مافی مرۆڤ و  ناوخۆ و پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە، لە خەمی پاراستنی گیانی مامۆستا "بەدەل بەرواری"دا بن و چیتر بێدەنگ نەبن بەرانبەر بە هێشتنەوەی ناوبراو لە زیندان.

راگەیەندراوەكە ‎ئیمزای ئەم پەرلەمانتارانەی لەسەرە:

‎سیپان ئامێدی
‎سۆران عومەر
‎دیاری ئەنوەر
‎ئەبوبەكر هەڵەدنی
‎گۆران عومەر عەلی
‎د. شێركۆ جەدەت
‎هەڵز ئەحمەد
‎مژدە مەحمود
‎جەلال محەمەد
‎ڕوپاك ئەحمەد
‎دابان محەمەد


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×