پارێزگاری هەولێر: هیچ ئەگەرێك بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەئارادا نییە
  2020-05-27       749       

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، تائێستا هیچ ئەگەرێك بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەئارادا نییە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و وەفدێكی یاوەری سەردانی مەڵبەندی 3ی یەكێتییان لەشاری هەولێر كرد، ‎لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رێبوار ئیسماعیل، بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی، فرسەت سۆفی رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی سەرقاڵی داڕشتنی هەندێك رێنمایین بۆ چۆنیەتی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هیچ ئەگەرێك لە ئارادانییە بۆ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ جارێكی دیكە درێژبكرێتەوە.

پارێزگاری هەولێر رونیكردەوە، كارو كاسبی خەڵك بەلای ئەوانەوە گرنگە و دەیانەوێت باڵانسێك لەنێوان كارو كاسبی خەڵك و ژیان و گوزارانی خەڵك لەگەڵ هەندێك رێنمایی و رێكار بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دروست بكەن.

فرسەت سۆفی وتیشی"ئێستا بەرپرسیارییەتی گەورە لەسەر شانی خەڵك خۆیەتی و بەداخەوە ڤایرۆسەكە جارێكی دیكە سەرهەڵدەداتەوەو ژمارەی توشبوانیش رۆژ بە رۆژ لە زیادبوندایە. لەبەرئەوەی ئێستا بازاڕ كراوەتەوەو مزگەوت و شوێنە ئایینییەكانی دیكە هەن و هاتوچۆ و سەردانیكردن هەیە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×