سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە کازمی کرد
  2020-05-28       417       

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک بەرهەم لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوەو دۆخی تەندروستی، کاندیدکردنی کەسانی لێهاتو بۆ پۆستە حکومییەکان، پاراستنی سیاسەتی هاوسەنگی و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشیان تاوتوێکردوە.

ئاوێنه‌: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەشکردوە، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیان لە پەلەکردن لە تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتی نوێ و کاندیدکردنی کەسانی لێهاتو بۆ پۆستە حکومییەکان و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی نوێ کردوەتەوە.

ئەوەش هاتوە، هەدولا لەبارەی گرنگی پەیڕەوکردنی سیاسەتی هاوسەنگی لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری عێراق هاوڕابون، هەروەها جەختیان لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگییە ئابورییەکان و گەرەنتیکردنی ژیانی هاوڵاتیان کردوەتەوە.

لە کۆبونەوەکەی نێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا پرسی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی رێکخراوی داعش، پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکان و پاراستنی ئاسایشی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق جەختی لەسەر کراوەتەوە.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×