حەسەن کەعبی:عێراق لە بەردەم کارەساتێکی تەندروستى گه‌وره‌دایه
  2020-05-28       708       

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وڵات لە بەردەم کارەساتێکی تەندروستى گه‌وره‌دایه‌،  بەهۆی بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا تێیدا، پێویستە چارەسەری بە پەلەی بۆ بدۆزرێتەوە.

ئاوێنه‌: بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئەلعێراقییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە حەسەن کەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی بەپەلەی لەنێوان شانەی قەیرانەکانی پەرلەمانی عێراق و حکومەت کرد، بە ئامادەبونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو جابر عەتا، پارێزگاری بەغداد لەمیانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئێستادا پەتای کۆڤید-19 بە سەرجەم ناوچەکانی پایتەخت بڵاوبوەتەوە، ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا بەردەوام لە زیادبوندایە، بەهۆی پابەندنەبونی هاوڵاتیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسەکە.

لەبەرامبەردا شانەی قەیرانەکانی پەرلەمانی عێراق چەندین رەخنەی ئاڕاستەی ئەو رێکكارانە کردوە کە لە وڵاتەکە گیراونەتەبەر و رایگەیاند، حکومەتی عیراق تا ئەم کاتەش نەیتوانیوە هەست بە قەبارەی ئەو کارەساتە بکات کە رووبەڕووی بوەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تا ئێستا پێنج هەزار و 135 توشبوی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش 175 کەس گیانیانلەدەستداوە و دو هەزار و 904 کەسیش پەتاکەیان پەڕاندوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×