پێنج بڕیاری نوێ لە ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە
  2020-05-28       908       

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێنج بڕیاری نوێی دەركردو دەشڵێت: ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدارو لە تەشەنەکردنی زیاتردایەو سەرچاوەی بەشێک لە توشبوانی ئەم دواییەش نادیارەو بەشێکیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، دوا بەدوای بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020.5.27، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.5.28، بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، ژورەكە كۆبۆتەوەو پێنج بڕیاری دەركردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە دەقی بڕیارەكان پێكدێن لە:

یەکەم/ بە پشتبەستن بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی یەکشەممە 2020.5.31وە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تاکسی بەسەرنشینەکانییەوە، دەبێت پابەندبن بە بەستنی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران ئەو سزایەیان بەسەردا دەسەپێ کە لە خاڵی (دەیەم)ی بەیانی ژمارە (37)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدراوە.

دوەم/ سەرجەم (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان، بازاڕ و شوێنە گشتیەکان) ئاگاداردەکەینەوە، پابەندبن بە جێبەجێکردنی گشت ڕێنماییە تەندروستییەکان بەتایبەتی بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران و خاوەنی دوکان و فرۆشیاران و ئەو هاوڵاتییانەشی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.

سێیەم/ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، چ هاوڵاتی سڤیل بن، یان هێزە ئەمنییەکان، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبن بەوەی لەسەر ئەرکی خۆیان بۆماوەی (48) کاتژمێر کەرنتین بکرێن و دوای دەرچونی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرونا کە تێچوی پشکنییەکە لەئەستۆی خۆیانە لەماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، یان بڕوانامەی توشنەبونیان ڵەگەڵدابێت کە پێش (24) کاتژمێر لەهاتنییان بۆ پارێزگای هەولێر دەرچوبێت، دەبێت لەماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات، بەپێچەوانەوە هەمو ئەوانەی لەو پارێزگاو ناوچانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری هەولێر ڕێگەیان پێنادرێت.

چوارەم/ بۆ هاتنی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بێنە پارێزگای هەولێر، بەپێی سیستەمی ڕێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت کە لەسەر وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی (mio.gov.krd) دانراوە.

پێنجەم/ هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدارو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تەشەنەکردنی زیاتردایەو سەرچاوەی بەشێک لە توشبوانی ئەم دواییەش نادیارەو بەشێکی ئەوانەشی لەم دوایەدا توشی ڤایرۆسەکە بونە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە داواکارین لە هەمولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ و هەر جۆرە بەریەککەوتن و کۆبونەوەیەک بپارێزن و دەمامک ببەستن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×