لەژێر خۆردا شوێنێک نییە بۆ پیرەکان
  2020-05-30       1482       

ڕاپۆرتێک لە بارەی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە

بڕوا بەرزنجی


دەڕابەکەم هەڵدایەوە و یەکەمین تاڵی شەفەقی ئەو بەیانییە چاوەکانی پێ داخستم. خۆرێکی وا لەو مانگی یەکەدا، بەنرخترین دیاری بوو بۆ ڕۆژێکی نوێ.
وەک هەمیشە یەکەمین دیمەن سەیری مێز و کورسییەکەی کۆستا کافێکەی بەرامبەر دوکانەکەمم کرد. ئەو مێز و کورسییەی ئەوەندە لەسەری دانیشتبووم ڕەنگی منیان گرتبوو.
ژنێکی قژسپی، تەنوورەیەکی سەوزی گوڵسوور و جووتێک قۆنەرەی سووری کلاسیک، ملبەرز و چاو مەیلەوسەوز و کڵاوێکی ڕەش لەسەری، کە زیاتر لە تابلۆیەکی مۆدیلیانی دەچوو. ڕۆژنامەیەکی گاردیانی ئەو ڕۆژەی بە دەستەوەیە و قاوەیەک و دۆنەتێک، لەسەر مێزەکەی.
چوومە ژوورەوە، وەک هەر بەیانییەکی تر، زۆرینەی مێزەکان پڕن لە خەڵکانێک کە زۆر بە پەلە قسە دەکەن و کۆفییەکانیان دەخۆنەوە و لەسەر لێواری کورسییەکان دانیشتوون، ئەوان دەبێت پاش کەمێکی تر لەسەر کار بن.
بە ناچاری دەبوو لەسەر کورسییە چۆڵەکەی سەر مێزەکەی خۆم، بەرامبەر ژنە تەنوورە سەوزەکە دابنیشم، یارمەتیم لێی خواست و دانیشتم و کتێبی یادەوەرییەکانی چارلی چاپلنم لەسەر مێزەکە دانا.
چوومە شوێنی خزمەتگوزارییەکە و داوای چای-لاتێیەکم کرد، وەک هەمیشە خۆیان ڕاهاتوون بە پێکەنینەوە وتیان: "سەرەکەی پڕکەین لە دارچینی." "بەڵی بە دڵنیایییەوە."
کۆفییەکم هێنا و دانیشتم، خانمەکە سەری هەڵبڕی و بە خەندەیەکەوە وتی: " ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆشە، من و تۆ بەختمان هەیە، مێزەکەمان لە بەردەم پەنجەرەکەیە و خۆرەکە لێمان دەدات". "بەڵێ بە دڵنیایییەوە، من هەموو بەیانییەک ئەمە شوێنمە، چونکە ئیش و ژیانم ڕێک بەرامبەر ئێرەیە، ئەو دەڕابە ڕەشەی بەرامبەرمان." ئەو پرسیی، لەوێیش دەژیت؟! بەڵێ، لەگەڵ هاوڕێیەکم سەرقاڵی کردنەوەی ئەم دوکانەین، ئیشێکی نوێیە، کاری پەتاتە بە شێوازی بەلجیکی و هۆڵەندی. سێ مانگە لێرەم و ئۆفیسێکمان دروست کردووە بۆ خۆمان، تا کارەکەمان تەواو دەبێت.
خانم، کارەکەی پێ سەرنجڕاکێش بوو. هیوای سەرکەوتنی خواست و قوومێکی لە قاوەکەی دا، دواتر پرسیی دەتوانم بزانم ناوت چییە؟ بۆنا، من ناوم بڕوایە. خۆشحاڵم بەڕێز بڕوا، منیش ناوم ڕاندۆڵفە. خۆشحاڵم مادام ڕاندۆڵف چەرچڵ.
بە دەم پێکەنینەوە وتی، زۆر سەرنج ڕاکێشە مادام فەڕەنسییە، بۆ ناڵێیت لەیدی، خۆ تێدەگەم دایکی چەرچڵیش ناوی ڕاندۆڵف بووە. سوپاس بۆ زیرەکیت.
بەڵێ، شەوی پێشوو، سەیری فیلمێکم کرد لە بارەی مادام کەلێتی ڕۆماننووسی فەڕەنسی، کە من زۆر سەرسامی ژیانیم، تۆیش زۆر لەو خانمە دەچیت، هەم ڕووخسار و هەم ستایلە کلاسیکییەکەی جلوبەرگت، کە بۆ من سەرنجڕاکێش و جوانە.
مادام وتی: "سوپاست دەکەم، دڵخۆشت کردم. من کاتی خۆی دوو ڕۆمانیم خوێندووەتەوە، ئەوانیش (گەنمی سەوز و دەربەدەرەکە) چێژبەخش بوون. بەڵام دەبینم تۆ یادداشتەکانی چارلی دەخوێنیتەوە، ئەمەیش دیسان ڕێکەوتێکی سەیرە، ئەگەر هەندێ شت بزانیت، ئیتر پێم دەڵێیت، هانا چاپلن!"
"چۆن؟ تێناگەم؟ تکایە بۆم ڕوون بکەرەوە." بە دەم پێکەنینێکی نەرمەوە وتی: "هانا چاپلن، دایکی چارلی چاپلن، پووری گەورەی دایکمە، زۆرینەی کاتەکانی هاوین هاتوون بۆ ماڵی نەنکم لێرە، ئیتر ئەو ڕۆژگارە دایکم دەبێتە یەکەم خۆشەویستی چارلی. واتە خاتوو مارگرێت یەکەمین کچە دڵداری چارلی بووە، بەڵام دایکم زۆر منداڵتر بووە، دوو ساڵ دواتر واز لە چارلی دەهێنێت، چونکە ئەوان زۆر هەژار بوون، بەس هاوینان لەگەڵ ماڵەوەیان دەهات بۆ ساوس ئێند و لەگەڵ دایکم بووە. دایکم دەیوت بە سێ مانگ جارێ پارەی پۆستێکی پێ بووە تا نامەیەکم بۆ بنێرێت. ئا، بیرم ناچێت لەناو خانەوادە و هاوڕێیانیشماندا هەمیشە دەیان وت دەبوو تۆ کچی چارلی بیت، چاو و قژ و دەمولوتم زۆر لەو دەچوو. هەتا لە قوتابخانە هەمیشە زۆر بە ئاسانی هاوڕێکانم و مامۆستاکانم دەخستە پێکەنین، جاری وا هەبوو بە تووڕەبوون و شەڕەکانم زیاتر پێدەکەنین، کە ئەوە منی شێت دەکرد. بۆ نا، لەوانەیە کچی ئەو بم، دایکیشم بە گومانەوە هەمیشە وەڵامی ئەمەی دەدامەوە." خاتوو ڕاندۆڵف بە پێکەنینێکی پڕ لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ئەم شایەتیەییەی لەسەر خۆی دا.
بەڕاستی بەڕێز مادام چاپلنن؟ من بە دەم پێکەنینەوە پرسیم. ئەویش وتی: "بەڵێ. ئەوان زۆر هەژار بوون، لە لەندەن دەژیان، مێردی خاتوو هانا، باوکی چارلی، کەسێکی بەدمەست بوو، هەروەک باپیرم، بەڵام باپیرم دەوڵەمەندیش بووە، هەرچییەکیان هەبوو دەیان دا بە مەشرووب و قومار. لە ڕاستیدا پوورە هانا منداڵەکانی بەخێو دەکرد. پارەی سەفەرکردنیان نەبوو، هاوینان دەیهێنان بۆ ئێرە، بۆ ساوسئێند ئۆن سی. چونکە هەم سەر دەریایە و هەم نزیکی لەندەن و پارەیشیان نەدەدا بە ئوتێل، لە ژوورێکی ئێمەدا دەمانەوە، کە لە باخەکەماندا بوو. بەڵێ بەڕاستی دەتوانم پێت بڵێم تراژیدیای هەژاریی خێزانەکەیان، چارلیی کرد بە هونەرمەندێکی گەورەی کۆمیدیا. دایکم هەمیشە وای دەوت!"
"دایکم دەیوت من منداڵتر بووم، چارلی لە من گەورەتر بوو. کە دواتر بوومە خۆشەویستی. لەگەڵ خوشک و براکەم زیاتر یاریی دەکرد. خۆیان دەدزییەوە و بەرەو کەناری دەریاکە دەڕۆیشتن. چارلی زۆر حەزی لەوە بوو گوێ لە دەنگی دەریاکە بگرێت و خۆیشی هاوار بکات، زۆر چێژی دەبینی لە هاوارکردن لەگەڵ دەنگی شەپۆلی دەریاکە."
بە دەم گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی دایکی، لە مۆبایلەکەیدا وێنەیەکی دایکی و چارلیی پیشان دام، لەناو کۆمەڵێک گەنجی خانەوادە و هاوڕێیانیاندا، هاوینێکی ساڵانی سەرەتایی سەدەی پێشو، لە کەناری دەریای ساوسئیند ئۆن سی، تۆپەکە لە ئاسمانە، زیاتر شێوەی لاکێشەیییە تا خڕ، دوو کەس خۆیان بۆ هەڵداوە، کچەکان عەزییان لە بەردایە، کوڕەکان شۆرت و تیشێرت، هەموو گیانیان قوڕە، کچێک کەوتووە و چارلی هەردوو دەستی گرتووە و هەڵی دەستێنێتەوە، خاتوو ڕاندۆڵف بە پەنجە باریک و لەرزۆکەکانی ئاماژەی کرد کە ئەوە خاتوو مارگرێتی دایکێتی، واتە یەکەمین خۆشەویستی چارلی چاپلن.
سەرم هەڵبڕی لەسەر وێنەکە و وتم: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی تەواو گرنگ و جوانە بۆم، خاتوو ڕاندۆڵف چاپلن، ئایا تۆ هەر لێرە دەژیت؟ دەتوانم هەر لێرە لەم کۆفی شۆپەدا بتبینمەوە؟" من پرسیارم کرد، چونکە دەمزانی زوو بەجێی دەهێڵم، لام گرنگ بوو هەلێکی تر دروست بکەم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیدا.
"بەڵێ لێرە دەژیم، ماوەیەک لە لەندەن، بەڵام وا دە ساڵ دەبێت جارێکی تر بە یادی مناڵی و یادەوەرییەکانم لەگەڵ دایکم و خانەوادەکەم، لێرە دەژیم. زۆرینەی ڕۆژەکان دێمە ئێرە، چونکە بەیانیان هەر خۆمم و وزە و تاقەتی نانخواردنی تەنیام نییە. وحەزم لەم جموجۆڵ و قسەکردن و سەرقاڵییەی ناو کۆفی شۆپەکانە. من بۆ خوێندنەوە حەزم لە قەرەباڵغییە نەک تەنیایی و بێدەنگی، چونکە ئێمەی پیر بۆ خۆی زۆرینەی کاتەکانمان لە تەنیایی و بێدەنگیدا دەژین." خاتو چاپلن، وای وت.
زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دا، ئەو کارەباچییە بوو، کە بڕیارە بێت هەندێ کاری کارەباییم بۆ بکات. وتی پاش نیو کاتژمێری تر لای من دەبێت.
بە خاتوو ڕاندۆڵفم وت کە من دەبێت نیو کاتژمێری تر بڕۆم، بەڵام لام گرنگە زیاتر قسە بکەین، چیرۆکی ئەو بۆ من سەرنجڕاکێشە، وتم ئەگەر پێی خۆش بو ڕاپۆرتێک لە بارەی ئەوەوە دەنووسم بۆ ڕۆژنامەکانی کوردستان. ئەو خۆشحاڵ بوو، دیار بوو تازە بە تازە لەگەڵ ناوی داعش و سەربڕیندا، ناوی کورد و ژنی کوردی وەک پاڵەوان بیستبوو.
"ئەگەر ژیان وەک خۆی مایەوە و توانیمان یەک ببینینەوە، ئەوا خۆشحاڵ دەبم گفتوگۆ بکەین، چونکە بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی ئەمڕۆ، حکومەت بە تەمایە لە هەفتەی داهاتووەوە هاتنەدەرەوە لە پیرەکان قەدەغە بکات، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو قاوەخانەکان دابخەن، لەوانەیە هەر وەک ئیتاڵیا هەموو شتێک دابخەن." ڕاندۆڵف بە دەم دواقوومی قاوەکەیەوە وای وت.
"خاتوونی بەڕێز، من هیوادارم وا نەبێت، ئەگەر ببێت تەنها بۆ پیرەکان نییە، پێویستە هەموومان خۆمان بپارێزین، هەواڵەکانی ئیتاڵیا خۆش نین و ڕۆژانە خەڵک زۆر دەمرن."
"بەڵێ ڕاست دەکەیت بەڕێز بڕوا، بەڵام بابەتی پیرەکان تەنها ئەم ڤایرۆسە نییە، ئەم ڤایرۆسە من دوو هەفتەیە ناویم بیستووە، بەس تۆ سەیر بکە، لەوەتەی خانەنشین بووم هەست دەکەم پیرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دەبن بە بارێکی قورس بەسەر ئەم ژیانەوە، جاران خەڵک کاتی هەبوو بۆ پشوو، پێویستی بە چیرۆک و گێڕانەوەی پیرەکان بوو، پیرەکان دەبوون بە گەرمکەرەوەی کۆبوونەوەی خێزانەکان، ئێستا خەڵک وەک برغوویەک بە مەکینەیەکی گەورەوە تا ژەنگ دەکەن و فڕێ دەدرێن وەک ئێمە کار دەکەن. ئەی تۆ نەتبیستووە دەڵێن وڵاتە زلهێزەکان بە شوێن ئەستێرەیەکی بێکەڵکدا دەگەڕێن بۆ پیرەکان، یان ئەوانەی ناتوانن باش کار بکەن فڕێیان دەدەنە ئەوێ، ئەم ئەستێرەیە بووە بە کارگەیەکی گەورە، بەڵێ لەم کارگە گەورەیەدا شوێنێک نییە بۆ پیرەکان!"
قسەکەی تەواو ڕاست بوو، بەس وەک دڵدانەوەیەک بە دەم پێکەنینەوە پێم وت: "خاتوون تۆیش زۆر چەپیت، دیارە لایەنگری جێرمی کۆربنیت."
بە دەنگی بەرز پێکەنی و وتی: "بڕوام پێ بکە دەمێکە بڕوام بە چەپ و ڕاست لە شۆفێریکردنیشدا نەماوە نەک سیاسەت. ساڵانێکیشە لە ماڵەکەمدا بێجگە لە ڕادیۆیەکی کۆن تیڤیم نییە. پشیلەیەکم هەیە زۆر سوودبەخشترە بۆ ژیانم لە بۆریس جۆنسن یان کۆربن."
بینیم لە بەردەم دوکانەکەم، کارەباچییەکە وەستاوە، بە پەلە کتێبەکەم هەڵگرت و ڕووخسەتم لە خاتوو ڕاندۆڵف خواست. بە هیوای یەکبینینەوەی زوو لە قاوەخانەکە چوومە دەرەوە.
دەڕابەکەم هەڵدایەوە، بەڵام کارەباچییەکە زۆر سەرقاڵ بوو، تەلەفونی زۆر بۆ دەهات و کاری زۆر بوو، پەیژەی بیر چووبوو، داوای لێبووردنی کرد و چوو پەیژە بێنێت، دراوسێکەم دوو کوڕی میسڕی بوون، لە ئیخوانەکانی میسڕ بوون کە دوای کودەتاکەی سیسی، هەڵاتبوون. قورئانێک بە دەنگێکی میسڕیی خۆش ئیش دەکات، لێی پرسیم: براکەم تۆ بڕوات بەم ڤایرۆس و شتە هەیە؟ منیش وتم: زانیاریم زۆر نییە، بەڵام ئەمە شتێکی دووبارەیە و لە ژیانی مرۆڤدا چەندجارێک دروست بووە. ئەو کە ناوی ئیسام بوو، وتی: براکەم بڕوا بکە ئەمە سزای خودایە بۆ ئەم بێبڕوا پیس و چەپەڵانە، بزانە موسڵمانان دەگرێتەوە، ئەم شەمشەمە کوێرە خۆرانە دەکوژێت. من دەبوو بڕۆمە ژوورەوە. بە کورتی وەڵامم دایەوە و وتم با چاوەڕێ بین، بزانین چی ڕوو دەدات!
چوومە ژوورەوە و هاوار بەرز بووەوە، بینیم سێ کەس کە وەک ئاسایش لە کۆگای گەورەی جلوبەرگی پرای مارک کار دەکەن شوێن گەنجێکی شڕۆڵە کەوتوون، بەرەو ڕووی ئێمە. لە هەمان کاتدا بینیم خاتو ڕاندۆڵف لە فلکەکەیدا وەستاوە بپەڕێتەوە، دەستەکانی لە گیرفانی. دوو پیاوە میسڕییەکەی دراوسێم چوونە سەر شەقامەکە تا نەهێڵن ڕابکات، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە ئێمە یەکێک لە ئاسایشەکان خۆی کێشا بە خاتوو ڕاندۆڵفدا، بینیم کەوت و زرمەی سەری هات، بەر ئەو ئاسنە کەوت، کە وەک ڕێگرێک دایان ناوە تا ئۆتۆمبێل بەرەو خوارەوە بۆ سەر دەریاکە نەڕوات، کە بەس بۆ پێڕۆیشتنی گەشتیارانە. من ڕامکرد، خەڵکێکی تریش لەگەڵ من، پێکەوە گەیشتینە سەری، سێ پاڵەوانەکە تازە لە دوورەوە دەیان وت چی بووە و دەهاتن بەرەو ئێمە. کچێکی گەنج بە ملپێچەکەی خوێنی سەری دەسڕێت و خاتوون هیچ قسەیەک ناکات، پاش کەمێک ئەمبوڵانس و پۆلیس هاتن. پۆلیس دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە و لە ئەمبوڵانسەکەدا سەرقاڵی چارەسەری ڕاندۆڵفن، بەڵام هەر زوو گوێم لێ بو یەکیان وتی:" بەداخەوە بۆ ئەم ژنە، پیر بووە و بەرگەی نەگرتووە، بۆیە مردووە."
پۆلیس، ئاسایشەکانی کۆگاکەی دەستگیر کرد، یەکیان بە پۆلیسی وت: "گەنجێکی ڕۆمانی بوو، جووتێ گۆرەویی دزی." کەسێکیش وتی: "وڵاتەکەمان پڕ بووە لە دز و لە-برسا-مردوو، ئەمانە دەبێت بە زوویی دەرکرێن."
زووبەزوو، بێدەنگ گەڕامەوە ناو دوکانەکە و دەڕابەکەم دادایەوە و دەستم کرد بە گریان، زۆر گریام، تا خەوم لێ کەوت!



تێبینی: پاش ماوەیەک هەموو شووێنێک داخرا و هەموان کەرەنتینە کراین هەتا ئێستایش، دوای چل ڕۆژ، وەک یادێک بۆ خاتوو ڕاندۆڵف، ئەم ڕاپۆرتەم نووسی و ناردم بۆ ڕۆژنامەیەک لە کوردستان. سەرنووسەرەکەی کە هاوڕێمە، بە پێکەنینەوە بۆی نووسیبووم: کوڕی باش، ئەڵێیت لەوەتەی لەو وڵاتەی ڕاپۆرت و کاری میدیاییت بیر چووەتەوە. برا، تۆ خەوت بۆ ئێمە نووسیوە نەک ڕاپۆرت. خوا لەو خاتوونە خۆش بێت، بەڵام ئیمە ناتوانین لە یاساکانی نووسینی ڕۆژنامەگەری لا بدەین.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×