لە یەك رۆژدا 104 توشبوی كۆرۆنا لە هەرێم تۆماركران
  2020-05-31       800       

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە 24 سەعاتی رابردودا 104 توشبوی كۆرۆنا تۆماركراون و ئێستا 283 توشبو لەژێر چاودێری تەندروستیدان.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوی ژمارە 97ی خۆیدا رایگەیاند: لەماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردودا؛ (١٧١٨) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (٩٣٩) هەولێر، (٤٧٤) سلێمانی، (٣٠٥) دهۆك. دەرەنجام (١٠٤) توشبوی نوێ تۆمار کراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە 102 توشبویان لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراون پیاو و ئافرەت و کچ و کوڕی گەنجن بە ھەمو تەمەنەکانەوە، شەش توشبو بەرکەوتوی توشبوانی پێشون و دو توشبو پێشینەی گەشتیان ھەیە و ٩٣ توشبو نیشانەی نەخۆشیەکەیان ھەبوە و پشکنینیان بۆکراوە و پۆزەتیڤ دەرچوە، پیاوێك گیانی لەدەستدا کە تەمەنی 70 ساڵ بو دانیشتوی قەزای چەمچەماڵە هەڵگری نەخۆشی دیکەی کوشندە بو، (٥١) لەوان دانیشتوی قەزای پێنجوین، (٤٢) دانیشتوی ناو شاری سلێمانی،(٣) دانیشتوی وارماوە، (١) دانیشتوی قەزای کەلار، (١) دانێشتوی قەزای کفری، (١) دانیشتوی قەزای خانەقین، (١) دانیشتوی پارێزگای ھەڵەبجە، (١) دنیشتوی شاری بەغدا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دوان لە توشبوان لە پارێزگای دهۆك تۆماركراون كە پێكدێن لە: پیاوێکی تەمەن ٥٣ ساڵ دانیشتوی ناو شاری دھۆکە و نیشانەی نەخۆشیەکەی ھەبوە و پشکنینی بۆ کراوە و پۆزەتیڤ دەرچوە و مناڵێکی تەمەن ١١ ساڵ، کچی نەخۆشێکی پێشوە و دانێشتوی قەزای سێمێلە سەر بە پارێزگای دھۆك.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە بەوەش کۆی گشتی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (٧١٠) توشبو، لەنێویاندا (٧) مردن هەیە و (٤٢٠) نەخۆش چاکبوەتەوەو ئێستا (٢٨٣) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×