خەیاڵتان خاوە، ویژدانی خەڵک نەمردووە
  2020-06-01       1579       

ماوەیەکە بە بەرنامە هەڵمەتێکی ناشرینی درۆ و ساختەکاری دژی خانەوادەکەمان لەلایەن پەیجە بێدایک و باوکە حیزبییەکانەوە دەستی پێکردووە. دیارە ئەمە یەکەم جار نیە باجی هەڵوێستەکانمان دەدەین و دەستوپێوەند و مفتخۆرەکانی ئەم حیزب و ئەو حیزب جنێوبارانمان دەکەن و درۆی شاخدارمان بۆ هەڵدەبەستن. بەڵام پێدەچێت ئەم هەڵمەتەی ئەمجارە جیاوازبێت، چونکە حیزب هەرچی توانای چەواشەکاریی هەیە بەکاری دێنێت بۆ ناشرینکردنمان و، بەخەیاڵی خۆیان بۆ چاوترساندن و پەشیمانکردنەوەمان لەو رێگا راستەی لە قوتابخانەی هەردیدا فێری بووین. قوتابخایەک کە فێریکردین بێدەنگ نەبین و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خۆمان و خەڵکی کوردستان بکەین و پارەی مفت و ناهەق وەرنەگرین. هەر کەسێکیش گومانی هەیە، با بڕوات بەدواداچوون بکات.


دوا درۆی ئەوپەیجە ساختانە ئەوەیە گوایە زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەمان (چلوورە، ئاسۆس، رێبین، چۆمان) خانەنشینی نایاسایین. ئەمە لەکاتێکدایە کە چلوورە هەردی لە هیچ شوێنێک هیچ مووچەو خانەنشینییەکی نیە. د.چۆمان هەردی مامۆستای زانکۆی ئەمەریکییەو مووچەی ماندووبوونی خۆی وەردەگرێت. ئاسۆس هەردی و ریبین هەردی هەدووکیان پێشمەرگەی دێرین و دانەبڕاوی پێش راپەڕینن و بەپێی یاسایەک کە لەپەرلەمانی کوردستان دەر چووە، مافی شەرعی و یاسایی خۆیانە مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە وەرگرن. لەگەڵ ئەوەشدا رێبین هەردی ئەو مووچەیەش وەرناگرێ و تەنها ئاسۆس هەردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەردەگریت.


سەیرلەوەدایە ئەوانەی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و تەنانەت ئاسمانی کوردستانیشیان قۆرخ کردووە و بەتاڵانی دەبەن، هێرشدەکەنە سەر ئەوانەی بەدرێژایی تەمەنیان دژی گەندەڵیی و نادادیی وەستاون و باجەکەیشیان بەقورسیی داوە. خۆ هەر دوێنێ بوو خۆیان وتیان "شەهید نەبووە و کردوومانە بە شەهید. زیندانی نەبووە و کردوومانە بە زیندانی سیاسیی"! ئەی ئەوە نیە کوردستانیان مایەپووچ کردووە و خەڵکی بێدەرەتانی کوردستان باجەکەی دەدات؟ ئەوانەی لەشکری داگیرکەرانیان هێنایە سەر کوردستان، لەبری ئەوەی شەرم بیانگرێت، هێرشی ناڕەوا و بێ ئابڕووانە دەکەنە سەر ئەوانەی لە خەباتی نهێنی و شاخ و پێشمەرگایەتییەوە تا ئەمڕۆ، داکۆکی لە بەها ئینسانیی و نیشتمانییەکان دەکەن! کێ هەیە نەزانێت کێن ئەوانەی جاش و موستەشاریان کردووە بە پێشمەرگەی سەنگەر؟! ئەوانەی بەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و جیهانەوە ئازادیخوازان تیرۆردەکەن، پەلاماری داکۆکیکارانی ئازادی دەدەن! بڕۆن تەماشای لیستی ڕەشی پێشێلی ئازادییەکان و گەندەڵکارییەکان بکەن، ساڵ نیە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناویان لەو لیستەدا تۆمار نەکەن! ئەوانەی لەشەڕی حیزب و بەرژەوەندییەکانیاندا دەستیان بە خوێنی لاوانی نیشتمان سووربووە، لەبری ئەوەی سەری شۆڕیان کزکەن و خۆیان لەچاوی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری ئەو شەهیدانەی لە شەڕەکانی خۆیاندا بەکوشتیان دان، بشارنەوە، بێشەرمانە دەنگ بەسەر ئەواندا هەڵدەبڕن کە بەدرێژایی دژی ئەو شەڕە نەگریسانە وەستاون و لە هیچ ساتێکدا بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبوون!


ئێمە دڵنیاین خەڵکی هۆشیار و وریای کوردستان، ئەم درۆودەلەسە و پڕوپاگەندانەیان بەسەردا تێناپەڕێت، چونکە زۆر باش دەزانن ئەوە خەڵکە دڵسۆز و ئازادیخوازەکەن کە بەر هێرشی حیزبە گەندەڵەکان دەکەون. بۆیە راستیان گوتووە، دەبێ هەمیشە گومان لەوانە بکەی کە حیزب و دەستوپێوەندکانی ستایشیان دەکەن. متمانەش بەوانە بکەی کە گەندەڵەکان هێرشیان دەکەنەسەر. لە کۆتاییشدا بە ئیجازەی پیرەمیردی نەمر بەو ڕووزەرد و دەمزەردانە دەڵێین: "ویژدانی خەڵک نەمردووە، خەیاڵتان خاوە". ئەو جۆرە جنێوفرۆشییەش هەرگیز نامانترسێنێ و لەو ڕاستە رێگایەی گرتوومانە، پەشیمانمان ناکاتەوە. ئێمە منداڵ بووین کە باوکی ڕەحمەتیمان فێری کردین، رێگای ڕاست پڕە لە قۆرت و تەگەرە و کێشە، بەڵام هەر ڕێگای ڕاستە و نابێت لەژێر هیچ گوشارێکدا لێی لابدەین و تەسلیم بین.


بنەماڵەی ئەحمەد هەردی

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×