پەڕلەمانتارێكی پارتی: لەم مانگەدا عیراق و هەرێم دەربارەی پرسی نەوت و موچە رێكده‌كه‌ون
  2020-06-03       661       

لە چەند مانگی ڕابردوودا دانوستانی ورد دەربارەی پرسی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و پەڕلەمانتارێكی پارتی ئاشكرای كرد، لەم مانگەدا ڕێككەوتنی كۆتایی دەكرێت.

ئاوێنه‌: ڕێبوار ھادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، دانوستانەكانی پێش جەژن لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا تا ڕادەیەكی زۆر بەرەوپێشڤەچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە و نزیكن لە ڕێككەوتنی كۆتایی.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیارە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراقیش لە ڕۆژانی داھاتوو ڕەوانەی پەڕلەمان بكرێت، ئەگەر بودجە لە پەڕلەمانەوە پەسەند بكرێت، بێگومان پشكی ھەرێمی كوردستانیش دیاری دەكرێت.

وتیشی، “ھەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام بەو مەرجەی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بۆ ئەمساڵ زامن بكرێت”.

ڕێبوار ھادی، ڕوونیشی كردۆتەوە، ھەولێر و بەغدا لەسەر زۆربەی پرسەكان گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، بەڵام ھێشتا ڕێككەوتنی كۆتایی ماوە و ئێمە گەشبینین لە ئایندەیەكی نزیكدا واژۆ بكرێت، كە من پێشبینی دەكەم لەم مانگەدا ڕێككەوتنی كۆتایی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ واژۆ بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×