فازل میرانی رەتیدەكاتەوە كۆبونەوەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری توركیا كردبێت
  2020-06-04       710       

فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات رەتیدەكاتەوە كۆبوونەوەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری توركیا كردبێت، وەك ئەوەی میدیاكانی پەكەكە بڵاویانكردووەتەوە.

ئاوێنه‌: نوسینگەی رۆژنامەوانی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بەشی توركیی ئاژانسی "فوڕات نیوز"ی سەر بە پەكەكە، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە گوایە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەیەكی كردووە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە شاری دهۆك بە مەبەستی ئامادەكردنی هێزێكی 200 كەسی، كە جلوبەرگی پەكەكەیان لەبەردا بێت و چەندین شوێن و دەزگای هەستیاری وەك پۆلیس و ئاسایش بكەنە ئامانج بۆ بیانووگرتن بۆ لێدانی دەنگی ناڕازیی ناوچەی بادینان و چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان دواتریش بەم بیانووەوە پەكەكە بكرێتە ئامانج و لە بارەگاكانی بدرێت.

نووسینگەكە راشیگەیاندووە، كە وێڕای بەدرۆخستنەوەی سەرلەبەری هەواڵەكە، بەپێویستمان زانی روونی بكەینەوە كە فازڵ میرانی بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لەم جۆرەی نەكردووە. 

هەروەها نووسینگەی رۆژنامەوانی میرانی رایگەیاندووە، داواش دەكەین ئەم ئاژانسانە بیر لە میسداقیەتی خۆیان بكەنەوە و چیتر خەڵك بە هەواڵی بێ بنەما چەواشە نەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×