دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە پارێزبەندی لێ وەرگیرایەوە، لەیلا گوڤەن دەستگیركرا
  2020-06-05       499       

دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە، پارێزبەندی و ئەندامێتی لە لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری جولەمێرگی هەدەپە وەرگیرایەوە، ناوبراو دەستگیركرا. بەرلەویش موسا فاریسۆڵار، پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە دەستگیركرا كە هاوكات لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پارێزبەندی و ئەندامێتی لێ وەرگیرابوەوە.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە پەرلەمانی توركیا، پارێزبەندی و ئەندامێتی لە هەریەكە لە لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری جولەمێرگی هەدەپە، موسا فاریسۆڵار، پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپەو ئەنیس بەربەرئۆغلۆ، پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری(جەهەپە) كە ئۆپۆسیۆنی سەرەكی وڵاتە، وەرگرتەوە.

دوای وەرگرتنەوەی ئەندامێتی و پارێزبەندی، لێیان ئەو دو پەرلەمانتارە بە جیا دەستگیركران كە بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، داواكارى گشتيى ئامەد، فەرمانى دەستگيركردنى بۆ هەردو پەرلەمانتارەكە دەركردوە.

هەر دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی توركیا شەوی رابردو موسا فارسیۆگوڵار، پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە، لە بازگەیەك لەسەر رێی ئامادە-روحا دەستگیركرا كاتێك بەرەو ئەنكەرە چوە.
پاش ئەوەش لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە لە ماڵەكەی خۆیدا لە ئامەد دەستگیركراوە.

لابردنی پارێزبەندی ئەو پەرلەمانتارانە و لە ئەندام خستنیان، بە بیانوی ئەوەیە، گوایە ئەو تۆمەتانەی لەسەریان بوە پشتڕاستکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، موسا فاریسۆڵار، پەرلەمانتارى هەدەپە، لەو داوايەى كە لە دادگاى دوەمى سزا قورسەكانى ئامەد بەڕێوەدەچو، بە تۆمەتى "ئەندامبون لە رێكخراوى تيرۆريستيى چەكدارى" بە نۆ ساڵ زيندانى سزا درابو و هەورەها لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتارى هەدەپەش لە هەمان دادگا و بە هەمان تاوان سزاى شەش ساڵ و سێ مانگ زيندانى بۆ دەرچوبو.

ئەو سزايانەى كە دراوەتە پاڵ فاریسۆڵار و گوڤەن، لەلايەن فەرمانگەى شازدەهەمى دادگاى باڵاوە پەسەندكراوەو ئەنجومەنى گشتيى پەرلەمانى توركياش، یاداشتی سەرۆكايەتى كۆمارى توركياى سەبارەت بە جێگربونى سزاكانى سەر هەردو پەرلەمانتارى هەدەپە گوڤەن و فاریسۆڵار خوێندەوە.

بە گوێرەى دەستورى توركيا، پاش خوێندنەوەى یاداشتەکان لە ئەنجومەنى گشتى ئەوە مافى پەرلەمانتارێتى لە گوڤەن و فاريسئۆغڵو دەسێندرێتەوە.

لەدوای خوێندنەوەی بڕیارەكە لە پەرلەمانی توركیا، لەیلا گوڤەن وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بەو بڕیارە، بە كوردی وتی"بەرخۆدان ژیانە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×