فراکسێۆنی گۆڕان: دەنگ بەهیچ کام لەو ناوانە نادەین کە بریارە ئەمرۆ بۆ پۆستی چەند وەزارەتێک دەنگیان پێبدرێ
  2020-06-06       515       

فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق لەراگەیاندراویکدا ئاماژە بەوە دەکات دەنگ بەهیچ کام لەو ناوانە نادەن کە بریارە ئەمرۆ  بۆ پۆستی چەند وەزارەتێک دەنگیان پێبدرێ.

 

ئاوێنە: فراکسێۆنی گۆڕان لەڕاگەیاندرواوەکەدا ئەوە روندەکاتەوە کە پێشتر لەکاتی دانیشتنی بەخشینی متمانە بە کابینەکەی مستەفا کازمی رایانگەیاندوە کە دەنگ بەحکومەتەکەی نادەن. ئەمرۆش کە برگەیەکی دانیشتنی پەرلەمان تایبەتە بەتەواوکردنی ئەو کابینەیە جەخت لەهەمان هەڵوێست دەکەنەوە.

 

دەقی راگەیاندراوەکە:

راگەیەندراوێک لە فراکسێۆنی گۆڕانەوە
وەک فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق لە دانیشتنی بەخشینی متمانە بە کابینەکەی بەرێز مستەفا کازمی رامانگەیاند کە دەنگ بە حکومەتەکەی نادەین. ئەمرۆش کە برگەیەکی دانیشتنی پەرلەمان تایبەتە بە تەواوکردنی ئەو کابینەیە جەخت لە هەمان هەڵوێست دەکەینەوە و رایدەگەیەنین کە دەنگ بە هیچ کام لەو ناوانە نادەین کە بریارە ئەمرۆ بۆ پۆستی چەند وەزارەتێک دەنگیان پێ بدرێ.
لەسەرەتای متمانە بەخشین بەم کابینە نوێیە نیگەرانیی خۆمان لەوە دەربری کە بێ هیچ رێکەوتن و گرەنتیەک بۆ چارەسەری کێشە هەنوکەییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەت پرسی بودجە و موچە و مافەکانی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی جوتیاران دەنگدان بەو کابینەیە بدرئت.
وەک فراکسێۆنی گۆڕان بە توندی دژی ئەو نەریتە سیاسیەی بەشێک لە هێزە سیاسیە کوردستانیەکان دەوەستینەوە کە پرسی بەشداریکردن لە حکومەتی فیدراڵی عێراق لە مەسەلەیەکی نشتیمانی فراوانەوە بۆ ویستیكی حزبی و لەناو حزبیشدا بۆ ئەجێندایەکی تاکە کەسی بچوک دەکەنەوە و هەمو داواکاریان دەبێتە ئەوەی کەسێک وەک تاکە کاندید دەبێ بکرێتە وەزیر و لەو پێناوەشدا سازش لەسەر تێکرای مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و ناچار بە چەندین رێکەوتن و بەندوباوی ژێر بەژێر دەبن بۆ تێپەراندی کاندیدە کەسی و حزبیەکانیان.
ئێمە لە فراکسێۆنی گۆڕان پێمان وایە بەشداریکردن لە حکومەتی فیدراڵ دەبێ پرسێکی نیشتیمانی بێ نەک حزبی و شەخسی و لە دانوستانیشدا لەبری پچڕاندنی پۆست و پایە بۆ کەسێک، مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان ئەولەویەتیان هەبێت، بەتایبەت کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی دابەشکردنی داهات لەنیوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پاشان بەشداریەکی هاوسەنگ لە حکومەتدا نەک کورتکردنەوەی هەمو ئەوانە لە یەک پۆست و یەک تاکە کەسدا.
ئێمە کە بەشدار نین لە کابینەکەی کازمی هەمو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ زیندو راگرتنی مافە دەستوریەکانی خەڵکی هەرێم بەتایبەت جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەردو حکومەت بە خێرایی بگەنە رێکەوتن سەبارەت بە دۆسێی نەوت و داهات و چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و مافەکانی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی جوتیاران نەبێتە قوربانی نێوانیـان.
فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٦ ی حوزەیرانی ۲٠۲٠

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×