پەرلەمانتارێكی گۆڕان: وەزیرەكانی ئەمڕۆ بە گوزارشتی "زۆرینە دیارە" تێپەڕین
  2020-06-06       493       

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق وەزیرەكان بە گوزارشتی "زۆرینە دیارە" تێپەڕین نەك بە دەنگی ژمێردراوی پەرلەمانتاران و بۆ ئەو مەبەستەش داوای ڤیدیۆی دانیشتنەكەی كردوە بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا متمانە بە حەوت وەزیری دیكەی كابینەكەی مستەفا كازمی درا لەنێویاندا فواد حسێن بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رەخنەی لە شێوازی ژماردنی دەنگی پەرلەمانتاران لەمیانی پڕۆسەی دەنگدان بە كاندیدانی وەزارەتەكاندا گرتوەو بە قسەی ئەو "وەزیرەکانی ئەمڕۆ بە گوزارشتی رەشی 'زۆرینە دیارە' تێپەرین نەک بە دەنگی ژمێردراوی پەرلەمانتاران."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتوشیەتی"دەنگی ناڕەزایەتیمان بەرزکردەوە وەڵامی سەرۆکی پەرلەمان ئەوە بو کە داوای ڤیدیۆی دانیشتنەکە بکەین بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو "ئەمە چ دەنگدانێکە کەس نەزانێ لە کۆی ئامادەبوان وەزیر چەند دەنگی هێناوە؟"

هۆشیار عەبدوڵا لەنوسراوێكدا كە ئاڕاستەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردوە داوای وێنەیەكی تۆماری ڤیدیۆیی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی كردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×