قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ لەعێراق بۆ ماوەی هەفتەیەك درێژدەكرێتەوە
  2020-06-06       426       

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ بۆ ماوەی یەك هەفتەو دەشڵێت: لە هەفتەی داهاتوەوە قەدەغەی هاتوچۆ سوك دەكرێت.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی عێراقی كردوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە لە كۆبونەوەكەدا چەند بڕیارێك دراون، لەوانە: بەردەوامبونی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بۆ ماوەی یەك هەفتەی دیكە لە سبەی یەكشەممە 07/06/2020ەوە بۆ رۆژی شەممە 13/06/2020 لەگەڵ توندكردنەوەی رێكارەكانی جێبەجێكردنی بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە كە هەمو جۆرە كۆبونەوەیەك لەو ماوەیەدا قەدەغەیەو تەنیا دوكانەكانی خۆراك و میوە و نانەواخانەو دەرمانخانەكان كراوە دەبن.

هەروەك هێمای بۆ ئەوە كردوە كە دەبێت هاوڵاتیان لە شوێنە گشتییەكان دەمامك بەكاربهێنن بەپێچەوانەوە پێشێلكاران سزا دەدرێن و هەروەها دەبێت دوری نێوان دو كەس لە دو مەتر كەمتر نەبێت و هاتۆچۆی نێوان پارێزگاكانیش قەدەغە دەبێت و رێگەی هاتوچۆی پیادەو ئۆتۆمبێلیش لەنێو شارەكاندا نادرێت.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە قەدەغەی هاتوچۆ سوكتر دەكرێت بەشێوەیەك رۆژانە لە سەعات 6ی ئێوارەوە بۆ سەعات 5ی سەرلەبەیانی دەبێت بەڵام رۆژنی پێنجشەممەو هەینی و شەممەی هەر هەفتەیەك قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەسەپێنرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×