ترەمپ: فەرمانڕەوایی لە شاری سیاتڵ کەوتووەتە دەست تیرۆریستە ناوخۆییەکانەوە
  2020-06-11       983       
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، “فەرمانڕەوایی لە شاری سیاتڵ کەوتووەتە دەست تیرۆریستە ناوخۆییەکانەوە”.
 
سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی فەرمانڕەوای ویلایەتی واشنتۆن، جای ئینزڵی و سەرۆک شارەوانی شاری سیاتڵ باکووری رۆژئاوای ئەو ویلایەتە، جێنی دورکان کە سەربە پارتی دیموکراتن، کرد و داوای لێکردن دووبارە شاری سیاتڵ و شارەکانی دیکە ویلایەتەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە، ئەگەر نا خۆی کۆنترۆڵی دەکاتەوە.

کوژرانی جۆرج فڵۆید شەپۆلێکی زۆر گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لە ئەمریکا دروست کردووە.

لەم نێوەندەیشدا خۆپیشاندەران لە شاری سیاتڵ سەربە بە ویلایەتی واشنتۆن باکووری رۆژئاوای ئەمریکا، دەستیان گرت بەسەر بینای شارەوانی و بینای پەرلەمانی خۆجێیدا و لەسەر بینای پەرلەمان تابلۆی “هەرێمی سیاتڵ-ی خۆجێیی”یان هەڵواسی.

ئەمەیش کاردانەوەی توندی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی لێکەوتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی پەیامێکی ئاراستەی فەرمانڕەوای ویلایەتی واشنتۆن، جای ئینزڵی و سەرۆک شارەوانی شاری سیاتڵ، جێنی دورکان کە سەربە پارتی دیموکراتن کرد و نووسیویەتی: “شارەکانتان کۆنترۆڵ بکەنەوە ئەگەر نا خۆم کۆنترۆڵی دەکەمەوە. ئەمە یاری نییە. پێویستە ئەم تێکدەرانە بەزووترین کات بوەستێندرێن”.

دۆناڵد ترەمپ دەستەواژەی تیرۆریستانی ناوخۆیی بۆ خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و نووسیویەتی “فەرمانڕەوایی شاری سیاتڵ کە لەلایەن دیموکراتە چەپڕەوە توندئاژۆکانەوە بەڕێوەدەبرێت، کەوتووەتە دەست تیرۆریستە ناوخۆییەکانەوە”.

رۆژی ٢٥ی ئایاری رابردوو جۆرج فڵۆیدی تەمەن ٤٦ ساڵ لە میانی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، ئەمەیش شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزاییەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×