گوتیرێس: ئەو چەكانەی لە هێرشی سەر دامەزراوەكانی سعودیەدا بەكارهاتون سەرچاوەكەیان ئێرانە
  2020-06-12       540       

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە راپۆرتكێكدا كە دەست ئاژانسی رۆیتەرز كەوتوە، بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاندوە، ئەو موشەكە كروزانەی كە ساڵی رابردو لە هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی ئارامكۆ و فڕۆكەخانەیەكی سعودیەدا بەكارهێنراون، سەرچاوەی دروستكردنیان ئێرانە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە راپۆرتێكدا ئەو موشەكە كروزانەی كە ساڵی رابردو لە هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆ و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی "ئەبها"ی سعودیە بەكارهاتون، سەرچاوەی دروستكردنیان ئێرانە.  

ناوەڕۆكی راپۆرتەكە كە دوێنێ پێنجشەممە لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوكراوەتەوە تا ئێستا بەڕەسمی ئاشكرانەكراوە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوە بە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتوە: ئەو چەندان چەك و تەقەمەنییەش كە هێزەكانی ئەمریكا لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو و مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەناوچەكە دەستیان بەسەردا گرت، سەرچاوەی دروستكردنیان ئێرانە.

هەروەها گۆترێس ئاماژەی بەوەداوە كە بەشێك لەو چەك و تەقەمەنیانەی كە ئەمریكا لە ناوچەكە دەستی بەسەردا گرتون، تایبەتمەندی لێكچویان لەگەڵ چەكی دروستكراوی كۆمپانیایەكی ئێرانیدا هەیەو لەسەر هەندێكیان نوسینی فارسی هەیە.

بەپێی رۆیتەرز، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە راپۆرتەكەیدا وتویەتی: ئەم پرسە دەكرێت بە پێشێلی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێكبدرێتەوە. ئەو بڕیارە لە پەیوەست بە رێككەوتنی ناوكی لەنێوان ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهاندا دەركراوە.

سزا سەپێندراوەكانی چەك بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دوەمی ئەمساڵدا كۆتاییان بێت، ئەمریكا لە هەوڵدایە درێژیان بكاتەوە. ئەو سزایانە بەشێكن لە بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

هەرچەندە حوسییەكانی یەمەن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، بەرپرسیارێتی هێرشەكانی ساڵی رابردو و هەروەها هێرشەكانی پێشتریان بۆ سەر سعودیە لە ئەستۆ گرتوە، بەڵام سعودیەو ئەمریكا چەندین جار باسیان لە بونی چەند بەڵگەیەك كردوە نیشانی دەدات لەو هێرشانەدا سود لە كۆمەڵە چەكێك وەرگیراوە كە سەرچاوەكەیان ئێرانە.

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان هەر شەش مانگ جارێك، سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری 2231و سزای چەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران راپۆرتێك دەداتە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. گۆترێس لە راپۆرتی پێشویدا نوسیبوی: نەتەوە یەكگرتوەكان ناتوانێت بەشێوەیەكی سەربەخۆ ئەوە پشتڕاست بكاتەوە كە ئەو چەكانەی لە هێرشەكەی سەر دامەزراوەكانی ئارامكۆدا بەكارهاتون، سەرچاوەكەیان ئێرانە.

تاوەكو ئێستا ئێران هیچ كاردانەوەیەكی بەرامبەر بە راپۆرتەكەی رۆیتەرز نیشان نەداوە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×