2020-06-14   1350     
ئا: لوقمان غه‌فوور
خوشكی كیم جۆن یۆن، به‌كرده‌وه‌ی سه‌ربازی، هه‌ڕه‌شه له كۆریای باشور ده‌كات به‌هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی نێوان سیئۆل و پیونگیانگ.
كیم یۆ جۆن جێگری یه‌كه‌می به‌رێوه‌به‌ری ئیداره‌ی مه‌ركه‌زی حیزبی كرێكارانی كۆریای باكوری ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ها وه‌سفی كۆریای باشور ده‌كات كه دوژمنی سه‌ره‌كی وڵاته‌كه‌یانه. ده‌شڵێت: "رای وڵاته‌كه‌یان وایه كه كۆریای باشور باجی ئه‌م دوژمنكاریانه‌ی بدات".
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ئه‌مڕۆ 14ی حوزه‌یران له ئاژانسی هه‌واڵی كۆریای باكور بڵاویكرده‌وه تێدا وتویه‌تی رۆژ له دوای رۆژ ئه‌و ده‌نگانه به‌هێزتر ده‌بێت له نێو گه‌له‌كه‌ماندا كه داوای كۆتایهێنان به‌و كێشانه ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌و پۆخڵه‌واتانه‌ی له ستووره‌كانی كۆریای باشوره‌وه چوارده‌وری ئێمه‌یان داوه و ده‌یانه‌وێت له شان و شه‌وكه‌تی سه‌رۆكمان كه‌مكه‌نه‌وه‌و شكۆی وڵاته‌كه‌مان بشكێنن.
خوشكه‌كه‌ی سه‌رۆكی كۆریای باكور له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "رێوشوێنه‌كانی كۆریای باكور به‌رامبه‌ر كۆریای باشور نزیكه. به‌م نزیكانه بڕیار به سوپا ده‌درێت كه ئه‌و ئه‌ركه جێبه‌جێ بكات و كۆتایی به‌و سه‌رئێشه‌یه بهێنێت كه ماوه‌یه كۆریای باشور بۆی دروستكردووه به‌ناوی نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنه‌وه".
ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئه‌و پلانه‌مان له به‌رچاو نه‌گرن و ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆریای باشور سووربن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌یكه‌ن ئه‌وا له‌ئه‌نجامدا رێوشوێن به‌رامبه‌ر ئه‌م دوژمنایه‌تییه به‌و شێوه‌یه ده‌بێت كه هه‌ق لای ئێمه بێت و ده‌سته‌ی ئه‌ركانی گشتی سوپا بڕیاری له‌ناكاو ده‌دات.
هه‌روه‌ها له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه سوپاكه‌یان ئه‌توانێت ئه‌و سنووربه‌زاندنه بۆ سه‌ر كۆریای باكور كۆتایی پێبهێنێت و جێبه‌جێكردنی ئاسانه، ده‌شڵێت:"له‌ناكاو ته‌فروتوناتان ده‌كه‌ین".
ئه‌م توڕه‌بوونه‌ی كۆریای باكور له‌دوای ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی نێوان سیئۆل و پیونگیانگ دێت به‌هۆی ئه‌و گروپه چالاكوانانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی كۆریای باكوره‌وه له‌رێگه‌ی میدیاوه ده‌ستیان كردووه به هه‌ڵمه‌ت دژی حكومه‌ته‌كه‌ی كیم له كۆریای باكور.