وتەبێژی ئەمنی کازمی: شکاندنی سنور لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە دژ بە سەروەری خاکی عێراقە
  2020-06-16       724       
یەحیا رەسوڵ
وتەبێژی ئەمنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، شکاندنی سنور لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە دژ بەسەروەری خاکی عێراقە.

ئاوێنه‌: یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی ئەمنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەكۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "18 فڕۆکەی جەنگی تورکیا سنوری وڵاتەکەمانیان شکاندووە، ئەوەش بەزاندنی سەروەری خاکی عێراقە". 

راشیگەیاند، شکاندنی سنور لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە دژ بەسەروەری خاکی عێراقە.

یەحیا رەسوڵ وتی‌، وەزارەتی بەرگری ده‌ستبه‌جێ کۆمەڵێک رێکار ده‌گرێته‌به‌ر بۆ چاکسازیی لەسیستمی ئەمنیدا.. له‌هه‌مانكاتدا لەسەر فەرمانی کازمی، هەواڵگریی عێراق دەستیکردووە بەکۆکردنەوەی وردەکاری هێرشەکەو بەزویی رێکاریی‌ گونجاو دەگیرێتەبەر.

هه‌ر ئه‌مرۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی‌ بۆ ئه‌وه‌كردبو كه‌ حكومەت ئیدانەی پێشێلكردنی سەروەری خاك‌و ئاسمانی عێراق دەكات‌و بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان لەقەڵەمی ده‌دات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، بەبیر توركیای دەهێنینەوە كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاكلایەنەكانی ڕابگرێت. له‌هه‌مانكاتدا حكومەتی عێراق ئامادەیی خۆشی نیشانده‌دات بۆ هەماهەنگی لەگەڵ توركیا بۆ پاراستنی سنورەكان بەجۆرێك بەرژەوەندییەكانی هەردولا دەستەبەر بكرێن.

هه‌روه‌ها لەجێگەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بریكاری پێشكەوتوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی توركیای لەعێراق كردووەو بەفەرمی ناڕەزایەتی عێراقی لەبۆردومانەكانی توركیا گەیاندووەتە باڵیۆزی ئەو وڵاتە.

بریكاری پێشكەوتوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لەتوركیا كردووە ڕێز لەسەروەری خاكی عێراق بگرێت‌و ئۆپەراسیۆنەكانی بوەستێنێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×