حزبی دەعوە ئیدانه‌ی هێرشەکانی تورکیا دەکات
  2020-06-17       228       

حزبی دەعوەی ئیسلامی ئیسلامی راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەن و  پێشێلکردنی تەواوەتی سەروەری خاکی عێراقە، داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە ئەرکی نیشتیمانی خۆیان هەستن بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی راگەیەنراوێک، حزبی دەعوەی ئیسلامی کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، ئاماژەی بەوەکردوە، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی کوردستان بەهەر بیانویەک پێشێلکاریی سەروەری خاک و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

حزبی دەعوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بیانوی تورکیا بۆ لێدوان لەهێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی لەناو خاکی عێراق قبوڵکراو نیە و بەهیچ جۆرێک چارەسەری کێشەکە ناکات. 

بەپێویستیشی زانیوە، لەبری پەنابردن بۆ توندوتیژی و هێرشی سەربازی، پێویستە رێگەی دیکەی دپلۆماسی و سیاسی بۆ چارەسەری کێشەکە بدۆزرێتەوە بەبێ توندوتیژی و کوشتن.

داواشی لە حکومەتی تورکیا کردوە دەستبەجێ سوپاکەی لەناو خاکی عێراق بکێشێتەوە و رێز لەهاوڵاتیانیان بگرێت و پابەندبێت بە پەیوەندی باشی دراوسێیەتی.

داواش لەهەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات، بەئەرکی نیشتیمانی خۆیان هەستن بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و کاربۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بکەن لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی هەردولا و دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەنێوان تورکیا و عێراق.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×