بانکى دراوى نێودەوڵەتى ئامادەیى خۆى بۆ هاوکاریکردنى عێراق نیشاندا
  2020-06-17       689       

بانکى دراوى نێودەوڵەتى ئامادەیى خۆى بۆ هاوکاریکردنى عێراق نیشاندا بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى دارایى.

ئاوێنه‌: نوسینگەى راگەیاندنى خالد بەتال وەزیرى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، وەزیرى پلاندانان راوێژى کردووە لەگەڵ بانکى نێودەوڵەتى و ژمارەیەک لەو وڵاتانەى کە لە کۆنگرەى کوەیت لە ساڵى ٢٠١٩هاوکارییان پێشکەشى عێراق کردووە بۆ ئەوەى هاوکاری زیاترى عێراق لە تێپەڕاندنى قەیرانى داراییدا بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، خالد بەتال لەو کۆبونەوەیەدا لەگەڵ نوێنەرى بانکى نێودەوڵەتى و وڵاتانى هاوکارى عێراق داوایکردووە، هەرچى زووە هاوکارییەکانیان بگەیەنن بە حکومەتى بەغدا بۆ روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و تێپەڕاندنى قەیرانى دارایى لە وڵاتەکەدا.

نوسینگەى وەزیرى پلاندانان ئەوەشى راگەیاندووە، لە بەرامبەر داواکەى وەزیردا، (ساروج جا) سەرۆکى نێردەى بانکى نێودەوڵەتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئامادەیى دەبڕیوە بۆ هاوکاریکردنى دارایى عێراق و بەردەوامى لە پشتیوانیکردنى پرۆسەى بونیاتنانەوە و بوژانەوە لە عێراق.

هەر یەکە لە بانکى نێودەوڵەتى و وەزیرى پلاندانانى عێراق جەختیان لە بەردەوامى  پەیوەندییەکانیان و هەماهەنگیکردنى نێوانیان کردووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×