٧١ ساڵە هاوسەری یەکترن و بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا
  2020-06-19       1352       

ئا: هەورامان قانیع


بە پێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "دەیلی میل"ی بەریتانی، ئەوەی لە وێنەکەدا دەیبینن، ژن و مێردێکی بەریتانین، 71 ساڵە هاوسەر گیریان کردووە و پێکەوە دەژین. بەڵام هەردوکیان تووشی کۆرۆنا بوون، سەرەتا ژنەکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە کۆچی دوایی دەکات، پاش پێنج رۆژ مێردەکەشی بە هەمان هۆکار کۆچی دوایی دەکات.


روون تەمەنی 94 ساڵە و بات وود تەمەنی 91 ساڵە، سەرەتا رۆن- پیاوەک- تووشی کۆرۆنا دەبێت و دەیهێنن بۆ نەخۆشخانە، دواتر بات وود- ژنەکە- ئەویش تووشی کۆرۆنا دەبێت و دەیهێنن بۆ هەمان نەخۆشخانە. یەکەمجار هەر یەکەیان لە ژورێکی جیاوازدا دادەنرێن. بەڵام دواتر کارمەندانی نەخۆشخانەکە رازیدەبن بەوەی هەردووکیان بێننە یەک ژوور و لەسەر دوو قەرەوێڵە و لە تەنیشت یەک دابنرێن، تاکو بتوانن دەستی یەکتر بگرن. بەم شێوەیە رۆژەکانی کۆتایی ژیانیان بەڕێکردووە. بات رۆژی 18 ئایار کۆچی دوایی دەکات، دوای پێنج رۆژ لەو بەروارە، واتە لە 23 ئایار هاوسەرەکەشی کۆچی دوایی دەکات.


ئەم ژن و مێردە تەنها یەک کچیان هەیە و ناوی "نیکی"یە و دەڵێت: مامەڵەی نەخۆشخانەکە لە چاودێری کردنی دایک و باوکی زۆر نایاب بووە، لەم بارەیەوە روونیکردووەتەوە: "دایک و باوکمیان خستە ژورێکی چوار قەرەوێڵەیی، تا بتوانن لە تەنیشت یەکترەوەبن و دەستی یەک بگرن، دایکم لە کاتی نووستندا رۆحی دەرچێت. دوای مردنی دایکم لە 18 ئایار، کارمەندانی نەخۆشخانەکە زۆر بە سۆزەوە بایەخیان بە باوکم دا، ئەویش لە 23 ئایار رۆحی سپارد. 
هەردوکیان لە ماوەیەکی زەمەنی زۆر کورتدا پێکەوە کۆچی دواییان کرد. ئەمە دوای ئەوەی بۆ ماوەی 71 ساڵ پێکەوە بوون. هەرچەندە مردن کارێکی خۆش نییە، بەڵام ئەوان نەیانویست بە تەنها بژین".

 

نیکی لە قسەکانیدا بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە سەردانی کردنی دایک و باوکم زۆر زەحمەت بوو، بۆیە لە رێگەی ڤیدیۆوە قسەم لەگەڵ دەکردن".

 

سەرچاوە: الشرق الاوسط، چوار شەممە 17 حوزەیران، 2020

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×