"حکومەت دەڵێ پارەمان بۆ موچه‌ نیە، بەڵام بڕی 8 ملیۆن‌و 500 هەزار دۆلاریان داوە به‌کۆمپانیا تورکییه‌كان"
  2020-06-19       994       

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌داهاتی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت له‌مانگی‌ ئایاردا بڕی‌ 8 ملیۆن‌و 500 هه‌زار دۆلاری‌ داوه‌ به‌كۆمپانیای‌ گه‌نه‌ڵ ئینێرجی‌ توركی‌ كه‌ شایسته‌ی‌ دارایی ئه‌و كۆمپانیایه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "حكومه‌ت باخه‌ڵی پڕه‌ بۆ کۆمپانیا تورکییه‌كان".

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌، كۆمپانیای‌ گه‌نه‌ڵ ئینێرجی‌ توركی‌ كه‌ له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاری‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت ده‌كات له‌راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، شایسته‌ داراییه‌كانی‌ مانگی‌ ئایاری‌ ساڵی‌ 2020ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ پێ به‌خشراوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ 8 ملیۆن‌و 500 هه‌زار دۆلار.

له‌به‌رامبه‌ردا ھاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگه‌یاندووه‌، "حکومەت دەڵێ پارەمان بۆ موچه‌ نیە، بەڵام بەپێی ئەم نوسراوەی ئەمرۆ، باخه‌ڵیان پڕه‌ بۆ کۆمپانیا تورکییه‌كان‌و درێخی ناکەن".

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ گه‌نه‌ڵ ئینێرجی، هاوبه‌شه‌كانی‌ كۆمپانیاكه‌ له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ ته‌قته‌ق بڕی‌ 3.4 ملیۆن دۆلاریان وه‌رگرتووه‌، له‌و بڕه‌ش 1.9 ملیۆن دۆلار دراوه‌ به‌كۆمپانیای‌ گه‌نه‌ڵ ئینێرجی‌، هاوكات هاوبه‌شه‌كان له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ تاوكێ بڕی‌ 26.8 ملیۆن دۆلاریان وه‌رگرتووه‌ كه‌ بڕی‌ 6.6 ملیۆن دۆلاری‌ پشكی‌ گه‌نه‌ڵ ئینێرجی‌ بووه‌.

ھاوڕێ مەلا ستار ده‌ڵێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بیانوی نه‌بونی پاره‌، موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان نادات، هێشتا موچه‌ی مانگی 2ی موچه‌خۆرانی نه‌داوه‌. به‌ڵام به‌پێی ئه‌م نوسراوه‌ی گه‌نه‌ڵ ئینێرجی، حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان زۆر ده‌ستكراوه‌و سنگ فراوانه‌."

راشیگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌تا كرێی مانگی 5ی ئه‌مساڵی پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وتی له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمپانیایه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تی توركیا سافكردووه‌، هه‌موو پاره‌كانی داونه‌تێ. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ "به‌م نوسراوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ ملیۆنه‌ها دۆلار بدات به‌كۆمپانیا توركییه‌كان‌و شه‌ریك‌و هاوبه‌شه‌ تایبه‌تییه‌كان‌و نه‌ناسراوه‌كان‌و ناڕونه‌كان، كه‌ به‌ناوی قه‌رزی كۆمپانیا، سه‌دان میلۆن دۆلاریان له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان كردووه‌ به‌ماڵ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ ئاماده‌نییه‌ موچه‌ی پزیشك‌و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، مامۆستایان، كه‌مئه‌ندامان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە، ھێزه‌کانی ناوخۆو چین‌و توێژه‌ جیاجیاكانی كوردستان بدات،  وا سه‌رقاڵی بڕینی موچه‌كانیشیانه‌."

 

ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ كۆمپانیای‌ گه‌نه‌ڵ ئینێرجی‌



زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×