١٩٩ توشبوی نوێ لە دوو پارێزگای عێراق تۆمارکرا
  2020-06-20       338       

لە دوو پارێزگای عێراق ١٩٩ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19)، تۆمارکرا و هاوکات چوار کەسی دیکە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە سێ پارێزگای ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.

ئاوێنه‌: سەرچاوەیەکی پزیشکی لە واست بە میدیاکانی خۆجێی راگەیاندووە کە لە تاقیگەکانی ئەو پارێزگایە، ١٤٦ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانکراون. بە وتەی سەرچاوەکە، سەرجەم تووشبووە نوێیەکان، رەوانەی ناوەندەکانی کەرەنتین کراون.

هاوکات جەمال عەکاب، وتەبێژی قەیرانەکان لە پارێزگای سەڵاحەددین لە لێدوانێکی رۆژناوانییدا رایگەیاندووە  کە ٥٣ کەسی دیکە لەو پارێزگایە، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

ئەوەش راگەیەندراوە کە کارمەندێکی فەرمانگەی  تەندروستی زیقار باشووری عیراق، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گیانی لەدەستداوە.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی پزیشکی لە میسان ئاشکرایکردووە کە نەقیبی پێشووی هونەرمەندان لەو پارێزگایە، جەمیل جەبار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیشداوە کە کەسیکی دیکەی تەمەن ٦٠ ساڵ، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە میسان گیانی لەدەستداوە.

جاسب لەتیف حەجامی، بەڕێوبەری فەرمانگەی تەندروستیی لە ناوچەی کەرخ رۆژئاوای بەغداد لە هەژماری تایبەتی خۆی راگەیاندووە کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شاری هەردوو ئیمام کازم، حەمید فەخری دەرعان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گیانی لەدەستداوە.

ئەمەیش لە كاتێكدا هۆشداری ئەوە دراوە كە هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی عێراق هەیە و تا دێت بەهۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەكانی خۆپارێزیی، ژمارەی قوربانییانی ئەو ڤایرۆسە لەو وڵاتە روو لە هەڵكشانە.

كاربەدەستانی تەندروستیی لە عێراق بەردەوام داوا لە هاووڵاتییان دەكەن كە پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپارێزی.

بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق تا ئێستا، ٢٥ هەزار و ٧١٧ كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون كە لەو ژمارەیە ٨٥٦یان گیانیان لەدەستداوە و ١١ هەزار و ٣٣٠ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×