شاندێکى پسپۆڕى عێراق لە بارەی چارەسەرەکەی کۆرۆنا سەردانى روسیا دەکەن
  2020-06-23       490       

بۆ لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە کاریگەری دەرمانى (ئەفیفافیر)ى روسى کە بڕیارە لە هەفتەى دهاتووەوە لە عێراق بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا بەکار بێت، شاندێکى پسپۆڕى عێراق سەردانى روسیا دەکات.

ئاوێنه‌: دکتور زیاد حازم لە بەڕیوەبەرایەتى تەندروستى کەرخ بە میدیا نێوخۆییەکانى عێراقى راگەیاندووە، شاندێک لە شارەزایان و پسپۆڕانى بوارى دەرمانسازى و پزیشکى لە عێراقەوە دەچنە روسیا، حازم دەشڵێت، ئەرکى ئەو شاندە عێراقییە ئەوەیە لە نزیکەوە زانیارى لەسەر کاریگەریەکانى دەرمانى (ئەفیفافیر) وەربگرن، کە دەرمانێکى روسییە و حکومەتى عێراق بە نیازە لە هەفتەى داهاتووە وە بیخاتە بەردەستى نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا.

ئەو دەرمانە لە ساڵى ١٩٩٥ لەلایەن کۆمپانیایەکى یابانییەوە بەرهەمهێنراوە و لە کاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنادا پسپۆڕانى روسیا پەرەیان بەو دەرمانە داوە و مادە و پێکهاتەى دیکەیان بۆ سەربار کردووە و لە چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنادا بەکارى دەهێنن.

بە پێى راپۆرتەکانى میدیا نێوخۆییەکانى روسیا دەرمانەکە لە ماوەى ٤ رۆژدا نەخۆشەکە لە کۆرۆنا رزگار دەکات و چاکى دەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×