پارێزگاری هەولێر: قەدەغەیەكی هاتوچۆی سنوردار پەیڕەو دەكرێت
  2020-06-25       502       

لەسنووری پارێزگای هەولێر بۆ خۆپارێزی زیاتر لەڤایرۆسی كۆرۆنا، قەدەغەیەكی هاتووچۆی سنووردار پەیڕەو دەكرێت و ئەمڕۆش وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوە و چەند بڕیارێكی نوێیان دەركردووە، د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند “بەداخەوە ئێستا ئێمە لە دۆخێكی ئێجگار مەترسیدارداین و ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەموو شوێنەكان بڵاوبووەتەوە، لە بڕیارەكاندا هەوڵمان داوە لەنێوان دۆخی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان هاوسەنگیمان دروستكردووە و قەدەخەیەكی هاتووچۆی سنووردارمان پەیڕەو كردووە”.

رۆژی چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەسەڵاتی قەدەغەی هاتووچۆی تەواو یان سنوورداری لەڕووی شوێن و كاتەوە دایە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

پێشتریش د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندبوو كە لە رۆژی پێنجشەممەوە تاوەكو 1ی تەمووزی مانگی داهاتوو هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا رادەگیرێت و هاوڵاتیان تەنیا بەپێ و لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەكان دەتوانن هاتووچۆ بكەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×