فراكسیۆنی یەكێتی داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكا هێرشەكانی توركیا رابگرن
  2020-06-26       508       

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكات دەستبەجێ هەنگاوی كاریگەر بگرنەبەر بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیاو روبەڕوی پێشێلكارییەكانی توركیا ببنەوە.

ئاوێنە: فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بۆردومانەكەی دوێنێی توركیا لە ناوچەی گەشتیاری كونەماسی سەربە پارێزگای سلێمانی كە شەهیدو برینداری لێكەوتۆتەوە پێشێلی سەروەری عێراق و رێزنەگرتنە لەو یاداشتی ناڕەزایەتییانەی كە حكومەتی عێراق بە باڵیۆزی توركیای داون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەكاتێكدا كاردەكەین بۆ پاراستنی پەیوەندییە دۆستانەكان لەگەڵ توركیای دراوسێ، بەڵام جەختیش دەكەینەوە كە رێزگرتن لە خوێنێ گەلەكەمان و سەروەری خاكەكەمان هێڵی سورەو كاردەكەین بۆ بەرگرتن و پاراستنی.

فراكسیۆنی یەكێتی داوای لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كردوە دەستبەجێ هەنگاوی كاریگەر بگرنەبەر بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیاو روبەڕوی پێشێلكارییەكانی توركیا ببنەوە.

داواشی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و نوێنەری عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە، داوای گرێدانی دانیشتنێكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش بكات بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لەنێو خاكی عێراق و دەركردنی بڕیارێك بۆ قەرەبوكردنەوەی قوربانیانی مەدەنی عێراقی كە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە شەهید بون.

هەروەك داوای دروستكردنی لیژنەیەكی یاسایی كردوە بۆ ئەوەی سكاڵای یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەكان بەرزبكەنەوە لەپێناو قەرەبوكردنەوەی كەسوكاری شەهیدەكان و زیانە گشتی و تایبەتەكان و پابەندكردنی حكومەتی توركیا بە پێدانی ئەو قەرەبوەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×