هێزێكی دژەتیرۆری عێراق هەڵیكوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵا لە بەغدا
  2020-06-26       787       
چەند چەكدارێكی حزبوڵا لەكاتی نمایشێكی سەربازیدا لە بەغدا. وێنە

هێزێكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق شەوی رابردو هەڵیكوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵای عێراق سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی و دەیان كەسی دەستگیركرد ئەوەش لە پەیوەست بە هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە. روداوەكە كاردانەوەی حزبوڵای دژبە حكومەت لێكەوتۆتەوە.

ئاوێنە: ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەكی حكومی و دو بەرپرسی ئەمنی عێراقییەوە بڵاویكردۆتەوە، 13 كەس هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق 13 كەسیان لە بارەگاكەی حزبوڵا لە ناوچەی دۆرە لە باشوری عێراق دەستگیركردون كە چەند موشەكێكی ئامادەكراویان بۆ هاویشتن لەگەڵ بوە.

بەرپرسە حكومییەكە وتویەتی"هێزەكەی دژە تیرۆر 13 چەكداری حزبوڵای دەستگیركردون لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی سێ سەكۆی هاویشتنی موشەك."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەفتەی رابردو سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كرد بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئەو موشەكانەی هاوپەیمانان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان لە عێراق دەكەنە ئامانج و بەڵێنیدا كە لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بكات.

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند بەرپرسێكی حكومی و سەرچاوەیەكی سەربازییەوە ئاماژەی بەوەداوە كە شەوی رابردو هێزێكی دژە تیرۆر هەڵیكوتاوەتە سەر بارەگایەكی حزبوڵاو و زیاتر لە 10 كەسی دەستگیركردون.

رۆیتەرز نوسیویەتی: بەرپرسە حكومییەكان و سەرچاوە سەربازییەكان لێكدژی هەیە لە قسەكانیاندا سەبارەت بە روداوەكە.

سەرچاوە سەربازییەكان و بەرپرسێكی حكومی بە ئاژانسەكەیان وتوە: ئەو كەسانەی دەستگیركراون دوای ماوەیەكی كورت رادەستی باڵی ئەمنی هێزەكانی حەشدی شەعبی كراون.
بەڵام بەرپرسێكی دیكەی حكومی ئەوەی رەتكردۆتەوە و رایگەیاند دەستگیركراوەكان هێشتا لای دژە تیرۆر دەستبەسەرن.

سەرچاوەكان باسیان لە ژمارەی جیاجیای دەستگیركراوان كردوەو بەرپرسێكی حەشدی شەعبی هێمای بە دەستگیركردنی 19 كەس كردوەو بەرپرسێكی حكومیش وتویەتی: 23 كەس دەستگیركراون.

بەرپرسێكی حكومی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە: لەنێو دەستگیركراوەكاندا سێ سەركردەی تێدایە كە یەكێكیان ئێرانییە.

بەرپرسێكی حكومی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە: لەنێو دەستگیركراوەكاندا سێ سەركردەی تێدایە كە یەكێكیان ئێرانییە بەڵام بەرپرسێكی حەشدی شەعبی رەتیكردۆتەوە كە هیچ سەركردەیەكی حزبوڵا لە روداوەكەدا دەستگیركرابێت.

دوای روداوەكە لایەنگرانی حزبوڵای عێراق بە شەقامەكانی بەغدا بەچەكەوە بڵاوبونەتەوەو دروشمی دژبەوانەیان وتۆتەوە كە هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگاكەیان. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×