ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق: لە بارەگاكەی حزبوڵا 14 چەكدار دەستگیركراون
  2020-06-26       843       

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنەكەی شەوی رابردودا بۆ سەر بارەگاكەی حزبوڵا، 14 چەكدار لەلایەن هێزەكەی دژە تیرۆرەوە دەستگیركراون لەگەڵ دەستگرتن بەسەر دو سەكۆی موشەك هاویشتندا. دەشڵیت: نیازی نوێیان هەبوە بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجە حكومییەكان لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

ئاوێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، بەیاننامەیەكی سەبارەت بە هەڵكوتانە سەر بارەگایەكی حزبوڵای سەربە حەشدی شەعبی لە بەغدا لەلایەن هێزێكی دژە تیرۆرەوە بڵاوكردەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەهۆی رەنگدانەوەی نەرێنی هێرشەكانی رابردو بۆ سەر بارەگاكانی دەوڵەت و بنكە سەربازییە عێراقییەكان و باڵیۆزخانەكانی وڵاتانی بیانی، لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەسەر بەرزترین ئاست ئەو بابەتە چاودێریكرا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە سەبارەت بە روداوەكانی شەوی رابردوی بەغدا، زانیاری هەواڵگری وردیان هەبوە سەبارەت بەو كەسانەی كە پێشتر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی بەغدایان كردۆتە ئامانج بە هێرشی ناڕاستەوخۆ.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە دەزگا پەیوەندیدارەكان زانیویانە نیازی نوێی هێرشكردنە سەر ئامانجە حكومییەكان لە نێو ناوچەی سەوز، بونی هەیەو لەڕوی هەواڵگرییەوە شوێنی ئەو گروپە دەستنیشان كران كە بەنیازی هێرشن و لەلایەن دادگاوە یاداشتنی دەستگیركردنیان بەگوێرەی یاسای روبەڕوبونەوەی تیرۆر بۆ ئامادەكرا.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان وتوشیەتی: دەزگای دژە تیرۆری عێراق راسپێردرا بۆ ئەركی دەستگیركردنیان و چارەسەركردنی كێشەكە بەبێ ئەوەی بتوانن هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی دژبە پێگەكانی دەوڵەت ئەنجام بدەن و دەزگای دژە تیرۆریش ئەركەكەی بەوپەڕی پیشەییەوە ئەنجامداو توانی 14 تۆمەتبار دەستگیربكات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دو سەكۆی هاویشتنی موشەك.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەگەڵ تەواوبونی ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنەكە، راستەخۆ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە سەرۆكایەتی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامێتی دەزگا ئەمنییەكان پێكهات و تۆمەتباران رادەستی لایەنی ئەمنی تایبەت كران بۆ پاراستنیان تاوەكو كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانیان لەلایەن دادگاوە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە دوای تەواوبونی ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی ئەو كەسانە، جوڵەی هەندێك لایەنی چەكدار بە ئۆتۆمبێلی حكومییەوە بەرەو بارەگا حكومییەكان لەناو ناوچەی سەوز و دەرەوەی ناوچەكە بنیراوە بەبێ ئەوەی رەزامەندی رەسمیان هەبێت و لە یەكێك لە بارەگاكانی دەزگای دژەتیرۆر لەناوچەی سەوز نزیك بونەتەوەو دەستدرێژیان كردوەتە سەری.

بەیاننامەكە وتوشیەتی"ئەم لایەنانە نایانەوێت بەشێك بن لە دەوڵەت و پابەندییەكانی و هەوڵدەدەن لە دەرەوەی دەسەڵاتە دەستوری و یاساییەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا بمێننەوە."

فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئاماژەی بەوەشداوە كە لەگەڵ ئەوەی جەخت دەكەنەوە لەسەر مەترسی ئەو جۆرە رەفتارانەو هەڕەشەیان بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت و سیستمە سیاسییە دیموكراتییەكەی، رونیدەكەنەوە كە ئەو لایەنانە تواناكانی دەوڵەتیان بەكارهێناوە كە لەژێر هیچ پاساوێكدا رێگەی پێنادەن.

جەختیشی كردۆتەوە لەسەر پەرۆشیان بۆ بەردەوامبون لەسەر رێگەی بەدیهێنانی ئاسایش و رادەستكردنی ئەو پرسە بە دەسەڵاتی دادوەری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×