قەیس خەزعەلی: هەوڵێكی دەرەكی هەیە بۆ لێدان لەحەشدی شەعبی
  2020-06-27       567       


لەبارەی ڕوداوەكەی شەوی هەینیەوە بۆ سەر چەند گروپ و سەكردەیەكی حەشدی شەعبی، فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی هەق لەعێراق ڕایدەگەیەنێت: هەوڵێكی دەرەكی هەیە بۆ لێدان لەحەشدی شەعبی.  

ئاوێنه‌: قەیس خەزعەلی فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی هەقی عێراق ڕایگەیان، بۆردومانە موشەكییەكان بۆ سەر فڕۆکەخانەى بەغدا و ناوچەی سەوز دامەزراوەکانى عێراق ناكەنە ئامانج، بەڵكو دژى ئەمریكییەکانە و كازمیش یەكەم سەرۆك وەزیرانە کە گروپە چەكدارەكان دەکاتە ئامانج،   سەرۆكەكانی پێشوو ئەو كارەیان نەكردووە.

خەزعەلى هەروەها دەستگیركردنی ژمارەیەك كەسی سەر بەحەشد لەلایەن دژە تیرۆرەوە بەپشێوی نانەوە دادەنێت و دەڵێت ئەوەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر حەشدی شەعبی ڕوویدا ڕوداوێكی ترسناكە.  

لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا، قەیس خەزعەلی،ده‌ڵێت، بەپێی شەریعەتی ئاسمانیی و یاساكان، لەسەر گروپە بەرگریکارەکانى عێراق پێویستە بەرەنگاری هێزە داگیركارەكانی وڵات بنەوە.  

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، گروپەکان عێراقیەكان و دەزگاكان ناكەنە ئامانج لەو هێرشانەی كە دەیكەنە سەر ناوچەی سەوز بەڵكو ئەمریكییەكان و باڵیۆزخانەكەی دەكەنە ئامانج.  

فەرماندەكەی عەسائیب باسی لەوەشكردووە، نە سەرۆك وەزیران و نە ئەوانی دیكەش ناتوانن ڕوبەڕووی حەشدی شەعبی ببنەوە دەزگای دژە تیرۆریش دەزگایەكی نیشتیمانیەوە و شانبەشانی حەشد شەڕی تیرۆری كردووە و دەبێت ئەو كارە لەلایەن سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیەوە چارەسەر بكرێت.  


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×