رۆژنامەی نیویۆرک تایمز: رووسیا لە بەرامبەر کوشتنی سەربازانی ئەمریکا خەڵاتی داوەتە چەکدارانی تاڵیبان
  2020-06-27       561       
رۆژنامەی نیویۆرک تایمیز-ی ئەمریکی لە هەواڵێکیدا ئاماژەی بەوە داوە کە رووسیا لە بەرامبەر کوشتنی سەربازانی ئەمریکا و سەربازانی دیکەی پەیمانی ناتۆ لە ئەفغانستان، خەڵاتی داوەتە چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان.
 
ئاوێنه‌: رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە داوەکە رووسیا پاداشتی داوەتە ئەو چەکدارانەی تاڵیبان کە سەربازانی ئەمریکییان کوشتووە و لە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا کە لەو پرسە ئاگادران گواستووەتەوە “ئەمریکا بەر لە مانگێک ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە یەکەکانی هەواڵگریی سەربازی رووسیا، تێوەکڵاوەن لە هەوڵەکانی تیرۆرکردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نهێنی لە ئەورووپا بە ئامانجی شڵەژانی سەقامگیری رۆژئاوا، جگە لەوەیش ساڵی رابردوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی چەکداری لە ئەفغناستان، کوشتنی سەربازانی ئەمریکا و سەربازانی دیکەی پەیمانی ناتۆ لە ئەفغانستان بە نهێنی خەڵاتیان داوەتە چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان”.

هاوکات ئەو بەرپرسانەی هەواڵگریی ئەمریکا کە ناویان ئاشکرانەکردووە باسیان لەوەیشکردووە، “توندڕەوە ئیسلامییەکان یان ئەو گرووپە چەکدارانەی کە پێکەوە پەیوەندییەکی پتەویان هەیە، گومان دەکرێت، پارە و خەڵاتەکانیان لە رووسیا، وەرگرت بێت “.

شایەنی باسە بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکراشیانکردووە لە ٢٠١٩دا لە ئەفغانستان، ٢٠ ئەمریکی کوژراون، بەڵام شێوەی کوشتنەکانیان روون نەکراوەتەوە و ئاماژەیان بەوەیشداوە دوای ئەوەی ئەنجامی هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە پێشکەش بە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی و ئاژانسەکانی هەوڵگریی لە کۆتاییەکانی ئاداری رابردوودا، بە وردی تاوتوێکران.

بە وتەی ئەو بەرپرسانەی هەواڵگریی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک بژاردە بۆ مامەڵکردن لەگەڵ ئەو پرسە لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا کۆشکی سپی رێگای نەداوە هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو بژاردانە بنرێت.

شایەنی باسە ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە کە لەمیانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەکدارە دەستگیرکراوەکانی تاڵیباندا، زانیارییان لەسەر ئەو پرسە بە دەست گەیشتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×