وتەبێژی کەجەکە: بەدرێژایی 300 کم شەڕی گەریلاو سوپای تورکیا بەردەوامەو نزیکەی 100 سەربازی توركیا كوژراون
  2020-06-27       1718       

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) رایگەیاند: ئێستا لە ناوچەی هەفتانین و ناوچەی خواكورك بەدرێژایی 300 كیلۆمەتر شەڕ لەنێوان گەریلاو سوپای توركیادا بەردەوامەو تا ئێستا نزیكەی 100 سەربازی تورك كوژراون. دەشڵێت: ئامانج لە هێرشەكانی توركیا داگیركردنی ویلایەتی موسڵە.

ئاوێنە: زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کوما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتویەتی"ئێستا لە ناوچەی هەفتانین کە سێگوشەی سنوری تورکیا و سوریا و عێراقە و هەروەها ناوچەی خواکۆرک کە سێگوشەی تورکیاو عێراق و ئێرانە بەدرێژایی 300 کیلۆمەتر شەڕ لە نێوان هەڤاڵان و سوپای تورکیادا بەردەوامە."

وتوشیەتی"سوپای تورکیا بە هەمو جۆرە چەک و تەقەمەنی و تەکنەلۆژیای مودێرن هێرش دەکاتە سەر سروشت و گەلی کوردو گەریلاکان دەکاتە ئامانج کە لە چوارچێوەی پلانی گشتی ئەردۆگان و دەوڵەتی تورکیادایە کە دەخوازێ دەسەڵاتێکی عوسمانی نوێ لە هەرێم دروست بکات."

زاگرۆس هیوا ئەوەشی خستۆتەڕو"گەریلاکان لەنێو خەڵکی سڤیلدا بەشێوەیەکی بەردەوام نامێننەوەو ئەو شوێنانەی کە سڤیلەکان دەبنە ئامانج گەریلاکان لەوێ نین بەڵکو لە ناوچەكانی خۆیاندا دەمێننەوە بەڵام ئامانجی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل ئەوەیە کە فشارێک لەسەر دەسەڵاتی باشوری کوردستان دروست بکات و گەلی کورد بترسێنێت و ناکۆکی لە نێوان پەکەکە و هێزەکانی تری باشوری کوردستان و گەلی کوردستان دروست بکات."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هێرشەکانی ئێستای تورکیا بەشێکن لە پلانێکی فراوانتری تورکیا بۆ سەرلەنوێ زیندوکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی و خەلافەت و داگیرکردنی ئەو هەرێمانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بون، تورکیا دەیەوێ دیموگرافیای ناوچەکە هەموی بگۆڕێت و ئیسلامێکی سوننی لە هەرێمدا زاڵ بکات بۆیە ئامانج لێی پەکەکە نییە، ئەو هێرشانە بەشێکن لە پلانێکی فراوانتر بۆ داگیرکردنی ویلایەتی حەلەب لە سوریاو ویلایەتی موسڵ لەعێراق، گەریلاکان لەسەر ناوی گەلی کورد و عەرەب و کریستیانەکان و گەلانی هەرێم لە دژی داگیرکاریەکانی تورک بەرخۆدان دەکەن."

زاگرۆس هیوا وتوشیەتی"لەو هێرشانەی ئەو دواییانەدا زیانەکانی گەریلاکان کەمن چونکە گەریلا خۆی نوێکردوەتەوە و بەشێوازێکی مودێرن و سەردەم خۆی رێکخستوە ئەگەر دەوڵەتی تورک هاتبێت و هەندێک شوێنیشی گرتبێت گەریلاکانیش لەو شوێنانە هەن و لە سەربازەکانی تورکیا دەدەن."

ئاشكراشیكردوە"بەپێی ئامارەکانی هەپەگە تا ئێستا نزیکەی 100 سەربازی تورکیا کوژراون و چەندین سەربازی تریش بریندارکراون."

سەبارەت بەوەی کە نزیکەی 118 گوندی سەر بە شارۆچکەی سیدەکان چۆڵکراون بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیاوە و خەڵک داوا دەکات ئەو شەڕ و ناکۆکیانە لەناوچەکە و نێو خاکی هەرێمی کوردستان دوربخرێنەوە وتەبێژەكەی کەجەكە ڕایگەیاند: ئەوان وەکو گەریلا هێزی پاراستنی گەلی کوردستانن و لەهەر شوێنێک هێرشی قڕکردن لەسەر گەلی ئەوان هەبێت ئەوا دەیپارێزن لەباکور بێت یان باشور جیاوازی نیە و ئەوەی کە پێویستە دەربچێت دەوڵەتی تورکیایە کە داگیرکەرە و سنوری بەزاندوەو یاسای نێودەوڵەتی پێشێلکردوە و زیاتر لە 100 کەسی مەدەنی کوشتوە.

سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر هێرش و بۆردومانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان وتویەتی"هەر وڵاتێک هێرشی سەر هەرێمی کوردستان بکات ئێمە شەرمەزاری دەکەین و هەڵویستمان هەبوەو ئەو هێرشەی کە ئێستاش دەکرێت بەهەماهەنگی لەنێوان تورکیاو ئێران دروست بوە چونکە ئێرانیش لەسەر سنور ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە دژی هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان دەستپێکردوە."

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە لێدوانەکانی هەندێک لە کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کە دەڵێن مەیدانی خەباتی پەکەکە هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو تورکیایە، زاگرۆس هیوا وتویەتی"ناکۆکی زۆر لە نێو ئەو لێدوانانەدا هەیە و ئێمە هێزێکی کوردستانین و گەلی کورد دەپارێزین باشترە کە ئەو هێز و کاربەدەستانە بە تورکیا بڵێن کێشەکانی کورد لەناو تورکیادا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەن و هێرشی سەر خاکی باشوری کوردستان نەکەن و ئەو کێشانە لە باکوری کوردستان سەرچاوەی گرتوە پێویستە دەوڵەتی تورکیا کێشەکان لەنێوخویدا چارەسەر بکات، پێویستە بەو لێدوانانە ڕەوایەتی زیاتر بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان نەدرێت."


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×