ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان: سازش لەسەر چاكسازی ناكەین
  2020-06-28       585       

شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بزوتنەوەكەیان سازش لەسەر پرسی چاكسازی ناكات و بۆ ئەوەش نەچونەتە ناو حكومەت كە ببنە پارسەنگی هیچ هێزێك.

ئاوێنە: شەماڵ عەبدولوەفا، بە میدیای رەسمی حزبەكەی راگەیاندوە کە هەوڵەکانى بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستاداو کۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجى دۆزینەوەى دەرچەیەکە بۆ قەیرانەکان و واقیعى ئێستاى هەرێمى کوردستان.

شەماڵ عەبدولوەفا، ئەوەشی خستۆتەڕو كە کێشەکانى ئێستاى هەرێم، کەڵەکەبوى نزیکەى (30) ساڵ لەمەوبەرەو بەرپرسیارێتییەکەیشى بە پلەى یەکەم دەکەوێتە ئەستۆى یەکێتى و پارتى، بۆ دۆخى ئێستاش ئەگەر هەڵسەنگاندنى وردى بۆ بکەین دەبێت بزانین یەکێتى چى بەدەستە و پارتى چى بەدەستە و ئێمەش چیمان بەدەستە و رۆڵمان چۆنە لە حکومەت و کەموکورتییەکانمان چییە.

هاوکات جەختی كردۆتەوە کە لاى بزوتنەوەى گۆڕان بەدیلى چاکسازى هەر چاکسازییە و وتویەتی"ئێمە لەسەر چاکسازى پێدائەگرین و لەسەر ئەو بنەمایەش رێککەوتوین لەگەڵ پارتیدا و لێکتێگەیشتنیشمان لەگەڵ یەکێتى هەیە، ئەم کەیسە وازهێنانى نییە لاى ئێمە سازیشى لەسەر ناکەین، گۆڕان بۆ ئەوە نەچوەتە حکومەتەوە ببێتە پارسەنگى هیچ هێزێک نە پارتى نە یەکێتى نە هیچ لایەنێکى دیکە ئێمە تەنها دەبین بە پاشکۆى ئەو بەرنامە سیاسییە چاکسازییەى کە پێشکەشمان کردوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×