هەپەگە كوژرانی هەشت سەربازی توركیای لە هەفتانین راگەیاند
  2020-06-28       740       

هەپەگە كوژرانی هەشت سەربازی توركیای لە ناوچەی "هەفتانین"ی باشوری كوردستان راگەیاندو دەشڵێت: بەرخۆدانی هێزەكانیان دژبە ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە ناوچەكە بەردەوامە. هەروەها ئاشكراشیكرد كە لە چەلێ-ی باكوری كوردستان دو سەربازی توركیا كوژراون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بەرخۆدانی هێزەكانمان لەدژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەی هەفتانین لە باشوری كوردستان بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە رۆژی ٢٥ی حوزەیران سوپای توركیا لە گۆڕەپانی "شاشدارا"ی ناوچەی هەفتانین هەوڵی پێشڕەوی داوەو گەریلا بەرەنگاری بۆتەوەو شەڕێکی سەخت رویداوە.
بەپێی بەیاننامەكە لەو شەڕەدا حەوت سەربازی توركیا كوژراون و زیاتر لە ١٠ سەربازیش برینداربون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە پێنج گەریلاش بە ناوەكانی "ئەسمەر دەڤرین، سەما کاتۆ، ئارین ئەنگیزەک، بێریڤان جودی و ئارارات سەرهات" لەو شەڕەدا شەهید بون.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رۆژی ٢٦ی حوزەیران، لە چالاكییەكی گەریلادا دژ بە هێزێكی سوپای توركیا كە لە گۆڕەپانی شەهید جودی هەوڵی پێشڕەویكردنیان داوە، سەربازێكی سوپای توركیا كوژراوە.

هەر سەبارەت بە شەڕی هەفتانین، بەیاننامەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە شەوی هەمان ڕۆژ هێزەکانمان لەدژی داگیرکەران لە خانتور چالاکی بەهێزیان ئەنجامدا. لە چالاکیەکەدا ژمارەیەکی زۆر سەرباز كوژران كە دواتر لەوبارەیەوە زانیاری ورد بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتوە كە رۆژی ٢٤ی حوزەیران هێزەكانیان لە گردی شەهید ڕێبەر لە ناوچەی چەلێی جۆلەمیرگ لە باكوری كوردستان چالاكییەكیان دژ بە سوپای توركیا ئەنجامداوەو لە ئاكامدا شۆفڵێك تێکشکێنراوەو دو سەرباز كوژراون و دو  سەربازی دیكەش برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×