هەڤاڵ ئەبوبەكر: هیچ بڕیارێك نییە بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی
  2020-06-28       914       

دوای ئەوەی ئەمشەو ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر قەدەغەی هاتوچۆی لەناو شاری هەولێرو قەزاو ناحیەكانی سەربە پارێزگاكە راگەیاند، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەم كاتەدا هیچ بڕیارێكیان بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی نییەو داوایان لەهاوڵاتیان ئەوەیە خۆپارێزی زیاتر بكەن.

ئاوێنە: د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمشەو یەكشەممەو لە لێدوانێكدا راگەیاند، لەم كاتەدا هیچ بڕیارێكیان بۆ راگەیاندنی هاتوچۆی تەواو نییە، بەڵكو داوایان لەهاوڵاتیان ئەوەیە خۆپارێزی پەیڕەو بكەن، چونكە خۆپارێزی باشترین رێگەیە و دامودەزگاكانیش لەڕێكارەكانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەر كەسێك سەرپێچی بكات لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكەن.

هەروەها وتیشی"ئێمە پێمانوایە تەنها بەقەدەغەی هاتوچۆ ناگەینە ئەوەی دۆخەكە باش بێت، چونكە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەبژێوی خەڵك و ئابوری دەوڵەتیش كە مەترسییەكانی لەكۆرۆنا زیاترن، بۆیە ئێمە دەتوانین لەسەر رێكارەكان بەردەوام بین بێئەوەی كاریگەری لەسەر بژێوی خەڵك دروست ببێت و خەڵكیش دەتوانن بەخۆپارێزی لەسەر كارەكانیان بەردەوام بن و خۆیشیان بپارێزن."

سەبارەت بەوەی لەئێستادا رایان لەسەر خۆپارێزی دانیشتوانی شاری سلێمانی چۆنە، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر رونیكردەوە"تاڕادەیەكی زۆر باش خەڵكی سلێمانی لەخۆپارێزی بەردەوامن كە جێی سوپاس و رێزێكی زۆرن، بەڵام گرفتی ئەم پەتایە ئەوەیە ئەگەر 20%ی خەڵكیش پابەندنەبن زیان بەو 80%یە دەگەیەنێت كە پابەندن، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكەین لەپڕۆسەی خۆپارێزی بەشدار بین."

ئەوەش لەكاتێكدایە هەر ئەمشەو ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: لە سەعات 12ی شەوی سبەی دوشەممەوە لە شاری هەولێر و سەرجەم ناحیەو قەزاكانی سەر بە پارێزگاكە قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت تاوەكو سەعات 12ی شەوی 04/07/2020.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×