هەڵسوڕاوێکی گۆڕان: کەس جورئەتى ئەوە ناکات دژى قەوارەى هەرێم بێت
  2020-06-29       1243       

ئیسماعیل نامیق، مامۆستای زانکۆ و هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان رایدەگەیەنێت، قەوارەى هەرێم وەکو سنور، هیچ کەس دژى نیە وکەسیش ناتوانێت نکۆڵى لێ بکات، تەنانەت حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق، لەبەهێزترین دۆخیشیاندا ئامادەبون لەژێر ناونیشانى خۆبەڕێوەبەریى دان بەم قەوارەیەدا بنێن، بۆیە کەس جورئەتى ئەوە ناکات دژى قەوارەى خاکى هەرێم بێت.

ئاوێنە: ئیسماعیل نامیق لە نوسینێکدا بەناونیشانی "قەوارەى هەرێم وقەوانى کوردایەتی" نوسیویەتی، "دەبێت جیاوازى بکەین، لەنێوان قەوارەى هەرێم وەکو خاک و سنور، قەوارەى هەرێم وەک دەسەڵات ودەزگاکانى بەڕێوەبردن، قەوارەى هەرێم وەک سنور، هیچ کەس دژى نیە وکەسیش ناتوانێت نکۆڵى لێ بکات، تەنانەت حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق، لەبەهێزترین دۆخیشیاندا ئامادەبون لەژێر ناونیشانى خۆبەڕێوەبەریى دان بەم قەوارەیەدا بنێن، بۆیە کەس جورئەتى ئەوە ناکات دژى قەوارەى خاکى هەرێم بێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵام قەوارەى هەرێم وەک ئەو "دەزگا فشەڵانەى کە یەکێتى وپارتى لەپەنایدا خەریکى دزیى وراو روتن، خەریکى ستەمکردن و شکاندنى کەرامەتى تاکى کورد و بەکۆیلەکردنن، نەک هەر جورئەت ئەکەین داواى هەڵوەشاندنەوەى بکەین، بەڵکو دەبینین لەواقعدا ئەم قەوارەیە بەرەو هەڵوەشاندنەوە هەنگاو دەنێت، سەرەتاى هەڵوەشاندنەوەکەشى بەئەنجامدانى ریفراندۆم وئەو هەموو شکست وسازشە گەورەیەى دواى ریفراندۆم دەستى پێکرد".

 سروشتى مرۆڤـ وایە کاتێک شتێک ئازارى ئەدات وزیانى پێ ئەگەیەنێت، بەجۆرێک ئیتر ناتوانێت لەگەڵ ئەو ئازارەدا هەڵ بکات ئەگەر چاوى خۆشى بێ ناچار ئەبێ دەرى بهێنێ
ئیسماعیل نامیق باسی لەوەشکردوە، "پاڕانەوەى قەوارەوانانى ئەم قەوارەیە لەبەغدا بۆ ئەوەى موچەى فەرمانبەرانى قەوارەکە بدات، هەروەها کەمپینی فەرمانبەرانى قەوارەکە بۆ گواستنەوەى موچەکانیان بۆ سەر بەغدا، ئەگەر شکست وهەڵوەشاندنەوەى ئەم قەوارەیە نەبێت چى دەگەیەنێت؟ قەوارەوانان دەبێت باش لەوە تێ بگەن، سروشتى مرۆڤـ وایە کاتێک شتێک ئازارى ئەدات وزیانى پێ ئەگەیەنێت، بەجۆرێک ئیتر ناتوانێت لەگەڵ ئەو ئازارەدا هەڵ بکات ئەگەر چاوى خۆشى بێ ناچار ئەبێ دەرى بهێنێ!".

ئەوەشی خستەڕو، ناکرێ هەرکەس وتى برسیمە ئێوە بڵێن ئەم قەوارەیە بەقوربانیدان وخەباتى چەندین ساڵ دروست کراوە، بۆیە نابێ هاوار بکەى، ئاخر کەى خەبات و قوربانیدان دەکاتە ئەوەى تا هەتایە بەشتى خراپ رازى بین و لەئاستیدا بێدەنگ بین؟ مرۆڤ چەند ماندوبێت بەدروستکردنى شتێکەوە، کەزانى ئەم شتە بێفەڕە حیکمەت واى لێدەخوازێت تێکى بداتەوە، "ئێوە ئەزانن یەکێتى سۆڤیەت رکابەرى ئەمریکا بو، بەڵام کە دەسەڵاتدارەکانى وەک ئێوە دەستیان دایە گەندەڵى و خەڵکەکەى برسى کەوت، گوێیان نەدا بەگەورەیى وڵاتەکەیان ورکابەرێتى ئەمریکا، داواى روخاندنیان کرد؟".

ئیسماعیل نامیق نوسیویەتی، "خەڵک باش لەوە تێ گەیشتوە ئێوە لەپاڵ قەوارە وئابورى سەربەخۆ خەریکى چەتەگەرێتى وراو وروتن، رەوا نیە هەرکەس بڵێ ئەمە هەڵەیە، ئێوە تەخوینى کەن، ئاخر ناکرێ چل ساڵ بەگوتارى کوردایەتى و قەومى فێڵ لەخەڵک بکەن وتا قیامەتیش بەبیانووى پاراستنى قەوارەى هەرێم بمانچەوسێننەوە، ناکرێ ئێوە وەکو جاش وموستەشارەکانى سەردەمى بەعس مانگانە بچن لەبەغدا موچەى قەبەى خۆتان وەربگرن، خەڵکیش کەلەژێر فشارى ئازار و بێدەرەتانیى خێزان و منداڵدا دەڵێن گیرفانمان بەتاڵە، ئێوە پێیان بڵێن خیانەتکار و دژە کوردن و دەبێـت شاربەدەر بکرێن، تو ئەو قەوارە وکوردایەتیەى کە باوەڕتان پێى نیە ئەمە رەوایە؟ دڵنیابن قەوارەى هەرێم بەداواو هاوارى خەڵکى برسى هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو بەهەراو کارەخراپەکانى خەڵکى دزو گەندەڵ نوغرۆ دەبێت".

دەشڵێت، ئێستا میللەت داوا ئەکات، لەجیاتى ئەوەى ئەم قەوارەیە بەشێکى دیلى دەستى تورکیا وبەشەکەى دیکەى دیلى دەستى ئێران بێت، لەچوارچێوەى دەوڵەتى فیداڵى عێراقدا، وەکو هەرێمێکى فیدراڵى هەڵسوکەوت بکات، بەپێى دەستور پابەند بێت بەماف وئەرکەکانیەوە، ئەمەش باشترین بژاردەیە، چونکە نەتورکیا وئێران لەعێراق شەریفترن، نەدیلى دەستى ئەوان باشترە لەژیان لەگەڵ بەغدادا. 

ئیسماعیل نامیق ئەوەشی نوسیوە، "رازینەبون بەسیستمى حوکمڕانى هەرێم، یەکسان نیە بەدەستبەرداربون لەخاک ومێژو ونەتەوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەى سیستمى حوکمڕانى، هەڵوەشاندنەوەى خاک ونەتەوە ناگەیەنێت، قەوارەى حوکمڕانى لەئێستادا موڵکى یەکێتى وپارتیە، بەڵام قەوارەى خاک ونەتەوە موڵکى کەس نیە وکەسیش مافى ئەوەى نیە خۆى بکات بەخاوەنى، ئەگەر قەوارەى حوکمڕانى خراپ وبێ کەڵک بوو، هەڵوەشاندنەوەو دروستکردنەوەى ئەرکە، بەڵام قەوارەى خاک ونەتەوە، نەخراپ دەبێت ونەقابیلى هەڵوەشاندنەوەشە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×