رێواز فایەق لە بڕیارەكەی پاشگەزده‌بێته‌وه‌ و داوا ده‌كات سۆران عومەر له‌ بنكەی پۆلیس ئامادەبێت
  2020-06-29       2067       

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بڵاویكردەوە، بەپێی نوسراوێك بە ژمارە (4-5-1010) كە لە (28-6-2020) بە واژووەی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی پەرلەمانتار سۆران عومەر كراوە، هاوپێچی نووسراوی دادگاو پۆلیسی و لەگەڵدایەو داوادەكات ناوبراو وەك تۆمەتبارێك لە بنكەی پۆلیسی خانەقا لەهەولێر ئامادەبێت بەمەبەستی وەرگرتنی وتەكانی.

ئاوێنه‌: ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ئاماژە بەوە دەکات كە ئەو بەڵگانە پێمان دەڵێن لە بنەماوە سەرۆكی پەرلەمان باوەڕی بە‌هەڵوەشاندنەوەی بریاری ژمارە چوار نەبوو، بۆیە لەوەقاییعی كوردستانیش بڵاوینەكردووەتەوەو پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (4) ی هەڵگرتنی پارێزبەندی، كە جێگرەكەی دەریكردووەو پارێزبەندی هەڵگرتووە، داوا لە سۆران عومەر دەكات لەبنكەی پۆلیس ئامادەبێت.

ئینستتیوتی پەی راشیگەیاندووە، لەكاتێكدا ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان رێزی نووسراوەكەی خۆی بگرتایەو كاری پێبكردایە دەبووایە هەر لەڕێگەی دیوانی پەرلەمانەوە لەبری ئەوەی نووسراوی ئاگاداركردنەوەی پۆلیس بۆ سۆران عومەر بنێرێت، نووسراوی بۆ دادگا بكردایە و رایبگەیاندایە، كە ناوبراو ئامادەنابێت بەپێی بڕیاری بەڕێزیان پارێزبەندی بۆ گەڕاوەتەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، بەداخەوە دەركەوت سەرۆكی پەرلەمان لە یارییەكی نایاسایی و ناسیاسیدا، بەڕێگەی نایاسایی هاوكار بوو، كە پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر لابرێت، لەلایەكی ترەوە بەناوی شكۆی پەرلەمانەوە دوو مانگ پەرلەمانیشی پەكخست، دواتر نووسراوێكی دەركرد و ناوی نا گێڕانەوەی پارێزبەندی بۆ سۆران عومەر و وەك دەسكەوتێك بۆخۆی بەكاری هێنا، كەچی تازە دەچێتەوە سەر ئەو خاڵەی، كە لە (7-5-2020) پارێزبەندی هەڵگیراوەو لەرێگەی سەرۆكی دیوانەوە پاڵپشت بەو بڕیارەی بەنایاسایی ناوی دەبرد داوادەكات سۆران عومەر وەك تۆمەتبار لەبنكەی پۆلیس ئامادەبێت.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان باسی لەوەش كردووە، كە بابەتی سەرەكی چوون و نەچوونی پەرلەمانتار سۆران عومەر نییە بۆ بەردەم دادگا، بەڵكو قسە لەسەر ئەوەیە، كە ئەم دامەزراوە گرنگەی ناوی پەرلەمانە لەڕێڕەوی خۆی لادراوە و بۆ مەرامی تر بەكار دەهێنرێت، لەبری ئەوەی لەم قۆناغە قورسەی هەرێمدا بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت، نزیكەی دوو مانگە خەریكی ئەو یارییە قێزەونەیە. لەكاتێكدا هەرێم لەقەیرانی ئابوری و سیاسی و تەندروستی و ... نغرۆ بووە!

ئەوەشی روونكردووەتەوە، كە ئەركی پەرلەمانتاران و بەتایبەتی ئەو فراكسیۆنانەیە كە پێشتر ناڕەزاییان لە بڕیاری ژمارە (4)ی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە دەربڕیبوو، ئەمڕۆ لەدانیشتنی پەرلەماندا ئەو پرسیارە لە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بكەن كە: بۆچی رێزی لەو بڕیارەی خۆی نەگرت كە دوو مانگیش بەهۆی بابەتەكەوە پەرلەمانی پەكخستبوو.

لەوەش گرنگتر كە پەیوەندی بە بژێویی موچەخۆران و پێشێلی یاساوە هەیە لە بەرامبەریان كە حكومەت لە بڕیارێكی نایاساییدا موچەكانیانی كەمكردۆتەوە، ئەركی پەرلەمان بوو لەدانیشتنی ئەمڕۆیدا یەكەم بڕگەی كاری ئەم پرسە بووایە، كەچی بەداخەوە پەرلەمان بەم ئەركە یاسایی و گرنگ و هەنوكەییانەوە هەڵناسێت، لەبری ئەوە پەرلەمان بە بابەتی لاوەكییەوە سەرقاڵ كراوە. ئیتر ناكرێت دامەزراوە گشتی و چارەنوسسازەكان بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی بەكار بهێنرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×