سوپای عێراق: تیرۆرستانی داعش ریشەکێش دەکەین
  2020-06-30       451       
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند دید و ستراتیجییەكی تەواویان هەیە بۆ رێكخستنەوە و بڵاوكردنەوەی هێزی ئەمنیی زیاتر لە ناوچەكانی عێراق بە ئامانجی ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش.

ئاوێنە:لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا وتی، “پرۆسەی دووبارە رێكخستنەوە و بڵاوكردنەوەی هێزی ئەمنیی زیاتر لە ناوچەكانی عێراق، لەگەڵ ئەو پلانەی كە لەلایەن ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە بە ئامانجی گەمارۆدانی تیرۆریستانی داعش داندراوە، هەروەها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە حەشدی شەعبی بۆ راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە ئەمجامیداوە، بەشێوەیەكی بەرچاو ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاكە بەرقەراربووە”.

ئەو وتیشی، “بەردەوام ئۆپەراسیۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی دیالە، ئەنبار، سەڵاحەددین ئەنجام دەدرێن كە ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنانە ریشەكێشەكردنی شانە نووستووەكانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە بەرقەرار بێت”.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی وتیشی، “لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی دید و ستراتیجییەكی تەواومان هەیە بۆ رێكخستنەوە و بڵاوكردنەوەی هێزی ئەمنیی زیاتر لە ناوچەكانی عێراق بە ئامانجی ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش”.

پێشتر فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی فەرمانی بە هێزە ئەمنییەكان کردبوو كە لە ئۆپەراسیۆنەكانیاندا بە ئامانجی ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی عێراق بەردەوام بن.

دوێنێ‌ دووشەممە لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاندبوو كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سێزدە ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی راوەدوونان و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق ئەنجامداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×