ئێران دەستی بە هەناردەكردنی غاز بۆ توركیا كردەوە
  2020-07-01       422       

دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی غازی ئێران بۆ توركیا راگیرابو، ئەوەش بەهۆی تەقاندنەوەی بۆری گواستنەوەی غازی ئێران بۆ توركیا لەنێو خاكی توركیادا لە چالاكییەكی فیدایی ژنە گەریلایەكدا، وتەبێژی كۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، وڵاتەكەی دەستیكردۆتەوە بە هەناردەكردنی غاز بۆ توركیا.

ئاوێنە: رۆژی 1ی نیسانی ئەمساڵ، ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) رایگەیاندبو: رۆژی 31ی ئازار، لە چالاكییەكی فیدایی ژنە گەریلایەكدا لە بازێدی سەربە ناوچەی ئاگری لە نزیك دەروازەی سنوری گوربولاك بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی ئێران بۆ توركیا تەقێنراوەتەوە.

بەهۆی تەقاندنەوەی بۆرییەكەوە لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ هەناردەی غازی ئێران بۆ توركیا راگیرابو.

محەمەد عەسكەری، وتەبێژی كۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رەسمی وڵاتەكەی، رایگەیاند: چاككردنەوەی بۆری گواستنەوەی غازی ئێران بۆ توركیا تەواو بوەو ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستیان بە هەناردەی غاز بۆ توركیا كردۆتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هەناردەی غازی ئێران بۆ توركیا وەك بەر لە تەقاندنەوەی بۆریەكە بەردەوامە.

كۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران لەگەڵ توركیا گرێبەستێكی درێژماوەیان ئیمزاكردوە كە لە ساڵی 2001ەوە دەست بەجێبەجێكردنی كراو ماوەی گرێبەستەكە بۆ 25 ساڵەو بەپێی ئەو گرێبەستە توركیا دەبێت ساڵانە لانیكەم نزیكەی 8.5 ملیار مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە بكات.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×