وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سەرجەم بژاردەكان كراوەن بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا
  2020-07-03       1149       

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: سەرجەم بژاردەكان لەبەردەم وڵاتەكەی كراوەن بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلكردنی سەروەری عێراق لەوانەی دەستدرێژییەكانی توركیا.

ئاوێنە: ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی سپوتنیك-ی روسی راگەیاند: كردەوە تاكلایەنەكان ئاسایشی سنورەكان بەهێزناكەن و ناشبنە مایەی پەرەپێدانی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ روبەڕوبونەوەی "تیرۆر".

سەبارەت بە هێرش و بۆردومانەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق، وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتویەتی"سەرجەم بژاردەكان كراوەن لەبەردەم عێراقدا بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلكردنی سەروەری وڵات."

ئاماژەی بەوەشداوە وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر سەروەری عێراق بە بەیاننامەی ئیدانەكردن، پاشان بە یاداشتی ناڕەزایەتی و بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیاو هەروەها باڵیۆزی ئێران دەستپێكردوە.

وتوشیەتی"بەم هەنگاوانەوە ناوەستینەوە، بەڵكو دەكرێت پەنابەرینە بەر كۆكردنەوەی دەنگیی عەرەبی لەڕێگەی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و هەروەها كۆكردنەوەی دەنگیی ئیسلامی لەڕێگەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی، دەكرێت بگەینە پێشكەشكردنی سكاڵا لە نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی."

جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق لە سیاسەتی دەرەوەیدا چەند بنەمایەكی رەچاوكردووە بۆ رێزگرتن لە پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەوانە دەستوەرنەدانە لە كاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێك و پێشێلنەكردنی سەروەرییەكەی و رەچاوكردنی بنەماكانی دراوسێی باش، دەبێت هەموانیش بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ عێراق بكەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەگەر هەڕەشەگەلێكی ئەمنی لەسەر سنوریی هاوبەشی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت، ئەوا چەندین جار داوامان كردوەو جەختمان كردۆتەوە بۆ هەموان كە عێراق ئامادەیە بۆ هاریكاری لە زامنكردنی سنورە هاوبەشەكانی و هەر كردەوەیەكی تاكلایەنەمان رەتكردۆتەوە كە ببێتە لێدان لە سەروەری عێراق، یاخود زیان بە موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت بگەیەنێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×