هەر گەشتیارێك لەم وڵاتە توشی كۆرۆنا ببێت سێ هەزار دۆلاری دەدرێتێ
  2020-07-03       1896       

كۆماری ئۆزبەگستان بڕیاریدا سێ هەزار دۆلار بداتە هەر گەشتیارێك ئەگەر توشی كۆرۆنا ببێت لەمیانی گەشتیدا بۆ ئەو وڵاتە.

ئاوێنە: شەوكەت میرزیایف، سەرۆكی ئۆزبەگستان مەرسومێكی رەسمی دەركرد بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبو بۆ هەر گەشتیارێك كە لەو وڵاتە توشی كۆرۆنا ببێت.

هەر گەشتیارێكی توشبو بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پارەیە وەربگرێت دەبێت بیسەلمێنێت كە سەردانی وڵاتەكەی كردوەو بڕیارەكەش لە ئێستادا تەنها گەشتیارانی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە ئۆزبەگستان سنورەكانی لەگەڵ كردونەتەوە.

لەنێو ئەو وڵاتانەی ئۆزبەگستان سنوری لەگەڵ كردونەتەوە، چین، یابان، كۆریای باشور و ئیسرائیل هەن و هیچ رێگرییەك لە گەشتیارانیان بۆ ئەو وڵاتە ناكرێت بەو پێیەی ئۆزبەگستان پێی وایە حكومەتەكانیان توانیویانە كۆنترۆڵی پەتای كۆرۆنا بكەن. بەڵام گەشتیارانی وڵاتانی دیكە ئەگەر بچنە ئەو وڵاتە دەبێت 14 رۆژ كەرەنتین بكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×