زیاتر لە سێ ملیۆن مریشکی زیندو لەهەرێم مردون
  2020-07-04       588       

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان گومانی خۆیان ڕاگەیاند لەبەرامبەر ئەو دەرمانی کوتانەی بۆ مریشک بەکاردێت، داوا دەکەن حکومەت خۆی ئەو دەرمانە دابینبکات و ڕێگەنەدرێت بازرگانی پێوەبکرێت.

ئاوێنە، زریان محەمەد: نازم عەبدوڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لەشاری سلێمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"لەئيستادا نەخۆشی نیوکاسڵ ڕویکردۆتە مریشک و جوچکی ناو پرۆژەکانی بەخێوکردنی مریشک کە زیانێکی زۆری لەبەرهەمی ناوخۆ داوەو ترسی زۆرمان هەیە ڕێژەکە زیاتربێت".

راشیگەیاند"گومانی زۆرمان هەیە لەسەر دەرمانی کوتانی بەرگری مریشک، پاش ئەو کوتانە مریشکەکان لەدوای پێنج ڕۆژ نەخۆش دەکەون و دەمرن".

جەخت دەکاتەوە"پێویستە حکومەت ڕێگری تەواو بکات و ڕێگەنەدات ئەو کوتانی مریشکە لەوڵاتانی دراوسێوە بازرگانەکان بیهێنن و لەهەمو دوکانێک دەستبکەوێت کە ئەمە مەترسیە لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی پەلەوەر بۆیە حکومەت خۆی پێویستە ئەو کوتانە دابینبکات و بەبڕێک پارە بیداتەوە بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان تا حکومەت دڵنیابێت لەکوالێتی باشی کوتانەکە و خاوەن کێڵگەکانیش بێ دودڵی بەکاری بهێنن".

ئاماژەی بەوەشدا"لەماوی ١٥ ڕۆژدا ٣ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گەشتوە لە سەرتاسەری کوردستان گەر رەوشەکە وا بەردەوام بێت زیانەکان بەرزدەبنەوە بۆ ٣٠ ملیار دینار کە بەهۆی نەخۆشیەکەوە نزیکەی ٥ ملیۆن مریشک و جوچک لەسەرتاسەری کوردستان مردون".

لەئێستادا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گیرۆدەن بەدەست نەخۆشی نیوکاسڵەوە کە ئەم نەخۆشیە ساڵانە هەیەو زیان بە پەلەوەر دەگەیەنێت. 


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×